ئه‌و 8 چاكسازییه‌ی نزار مه‌حرووس له یانه‌ی هه‌ولێر كردی
یانه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ گۆڕینی راهێنه‌ر و ده‌ستبه‌كاربوونی نزار مه‌حرووسی راهێنه‌ری سووری، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ یاریزانێكی نوێ بگوازێته‌وه و به هه‌مان پێكهاته بوژاندنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له سه‌رجه‌م هێڵه‌كانی یانه‌كه روویدا، هه‌ر له گۆڵپارێزه‌وه بگره تا هێڵی پێشه‌وه ئاستی تیپه‌كه به‌ره‌و هه‌ڵكشان و پێشكه‌وتن رۆیشت، به‌جۆرێك جگه له یانه‌ی شوڕته‌ی پێشه‌نگی خوله‌كه هیچ یانه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه هاوشێوه‌ی هه‌ولێر چواری یاری رابردوو له‌سه‌ریه‌ك له خوله‌كه سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات.
دیارترین ئه‌و ئامار و ریكۆردانه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نزار مه‌حرووس تۆماری كردووه
ـ یانه‌ی هه‌ولێر پێش نزار محرووس له ماوه‌ی 95 رۆژ ته‌نیا یه‌ك بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێنابوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ راهێنه‌ره سوورییه‌كه له ماوه‌ی 14 رۆژ چوار سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌ریه‌كی به‌ده‌ستهێنا.
ـ پێش گۆڕینی راهێنه‌ر، یانه‌ی هه‌ولێر له كۆی 14 یاری، ته‌نیا 1 یاری بردبووه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزار مه‌حرووس سه‌رجه‌م یارییه‌كانی بردووه‌ته‌وه، له كۆی 4 یاری، 4 سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه و هیچ خاڵێكی له‌ده‌ست نه‌داوه.
ـ یانه‌ی هه‌ولێر پێش نزار مه‌حرووس له 14 یاری ته‌نیا 8 خاڵیان كۆكردبووه‌وه، به‌ڵام دوای گۆڕینی راهێنه‌ر له 4 یاری 12 خاڵیان ده‌ستخستووه.
ـ یانه‌ی هه‌ولێر پێش هاتنی نزار مه‌حرووس له كۆی 14 یاری ته‌نیا 7 گۆڵی كرد بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ راهێنه‌ری نوێ له كۆی 4 یاری 9 گۆڵی كردووه.
ـ پێش گۆڕینی راهێنه‌ر، یانه‌ی هه‌ولێر، له كۆی 14 یاری، 18 گۆڵی لێكرا بوو، ته‌نیا 4 كلین شتی هه‌بوو، به‌ڵام دوای گۆڕینی راهێنه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر له كۆی 4 یاری 2 كلین شیتی هه‌یه و ته‌نیا سێجاریش تۆڕه‌كه‌ی هه‌ژێنراوه و یه‌كێك له گۆڵه‌كانیش به لێدانی پێناڵتی لێیكراوه.
ـ شێركۆ كه‌ریم پێش هاتنی نزار مه‌حرووس له كۆی 10 یاری ته‌نیا 2 گۆڵی كرد بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ راهێنه‌ره نوێیه‌كه له 4 یاری 3 گۆڵی كردووه.
ـ یاسین سامییه هێرشبه‌ری پیشه‌گه‌ری سووری پێش نزار مه‌حرووس هیچ گۆڵێكی له‌م وه‌رزه نه‌كرد بوو، به‌ڵام له دوای هاتنی راهێنه‌ری نوێ، 2 گۆڵی كردووه.
ـ ره‌وا یووسف ناوه‌راستكاری یانه‌ی هه‌ولێر له خولی نایابی عێراق یه‌كه‌مین گۆڵی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی نزار مه‌حروس تۆمار كرد.
ـ سه‌فین مه‌نسوور هێرشبه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر له‌م وه‌رزه یه‌ك گۆڵی كردووه، ئه‌ویش له‌ژێر سه‌رپه‌رستی نزار مه‌حرووس كردوویه‌تی.
نزار مه‌حروسی 58 ساڵ، پێش ئه‌وه‌ی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر بكات له پاڵاوتنه‌كانی كیشوه‌ری ئاسیا بۆ گه‌یشتن به مۆندیال سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی سوریای كرد و دواتر ده‌ستی له كاركێشایه‌وه و راسته‌وخۆ روویكرده یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌مه دووه‌مینجاره له دوای وازهێنانی له راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌ی سووریا رووده‌كاته یانه‌ی هه‌ولێر، پێشتریش له هاوینی 2012 وازهێنانی له راهێنه‌رایه‌تی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند و بۆ وه‌رزی 2012 ـ 2013 ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێری وه‌رگرت و نازناوی خولی نایابی عێراقی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر به‌ده‌ستهێنا.