لە باخچەیەکی فینلەندا پەیکەری هونەرمەندێکی کورد دادەنرێت

پەیکەرێكی رامان حوسێن لە باخچەیەکی فنلەندا
پەیکەرێكی رامان حوسێن لە باخچەیەکی فنلەندا

K24 - فنلەندا:

دەنگیکی بەرز هاواری لێهەڵسا " تفەنگەکانتان بێ دەنگ بکەن تا مناڵەکان بۆ ساتێک چاولێکنێن "، مناڵەکان لێرەو لەوێ خەریکی کۆکردنەوەی نارنجۆکەکان بوون لە سەر گوڵەگەنمەکانی نێو کێڵگە سوتاوەکان و لە گیرفانی باخەڵە دڕاوەکانینان دەناو بە هەناسە بڕکێ رایاندەکرد و بە دەنگێکی بەرز دەیانگووت: ئەها سەیرکەن ئەوندەم کۆکردۆتەوە بەشی هەموو تەمەنم دەکات. ئەمە ناونیشانی نوێترین کاری هونەرمەند رامان حسێنە، کارێکی هونەری پەیکەرسازی، کە  لە کەرەستەی جۆراوجۆر پێک هاتووە، لەنێو باخچەی ناوەندی هونەری شاری تامپێرێ لە فینلەندا جێگیرکراوە.

رامان حسێن بە کوردستان24ـی راگەیاند: یەکێکە لەو زنجیرە کارانەی لە دوو ساڵی رابردودا کاری لەسەر کردوون، هەموو ئەو کارانە لە پرۆژەیەکی هونەریدا کۆکردۆتەوە بەناوی 'کارگەکانی شەڕ و پانتاییەکانی'.

رامان باس لەوە دەکات: کارگەکانی شەڕ واتە چارتە سیاسی و ئابووریە رۆژئاواییەکان، کە پیشەیەکی زۆر گرنگە بۆ داهاتووی وڵاتە رۆژاواییەکان، کە دیموکراسی لە رۆژاوادا دەخاتە ژێر پرسیاری ئەخلاقی و مۆرالەوە.

رامان حسێن سەبارەت بە گرنگی کارەکەی بۆ کوردستان24 گوتی: نمایشکردنی ئەو جۆرە کارانە زۆر گرنگن هونەرمەند بتوانێت لەڕێی هونەرەوە نمایشی بکات، لەنێو رەوتی هونەری جیهانی و بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی رۆڵێکی سەرەکیان هەیە لە دەوڵەمەندکردنی پانتایی شەڕ و مەرگ و جەنگانە، کە ڕۆژانە رۆڵەکانی نیشتیمانی ئێمە و ئەوانیدی دەکاتە سوتەمەنی قازانجی بەرهەمەکانیان. سەرەڕای ئەو مەرگەساتانەی ئەم بازرگانییە هێناویەتیە بەرهەم و ژینگەیەکی لەباری دروستکردووە بۆ توندووریژی هاونیشتمانیان دەرهەق بەیەکتر و نەوەی داهاتوو بەتایبەتیش ژنان و منداڵان، کە لە دواجاردا هەناسەیەکی نەهێشتۆتەوە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ و لەیەک تێگەیشتن.

رامان دەڵێت: من هونەر لێرە بە چاوساخێکی باش دەبینم کە بتوانێت، لەو پانتاییە تاریکانەی هەمیشە بوونەتە نەهامەتی بۆ مرۆڤایەتی، گفتوگۆی خۆی بکات و پرسیار دروستبکات لەو تابلۆیانەی بەرهەمیاندێنێت. کاری هونەرمەندە بە چرایەکەوە لەو پانتاییە تاریکەدا پرسیارەکانی ناخی بوروژێنێت و تیشک بخاتە سەر ئەو بۆشاییەی کە لە رووی سیاسەت، کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە بە بڤە دانراوە.  

رامان هەوڵیداوە لەو زنجیرە کارانەو کارەکانی پێشتریشیدا بتوانێت لەڕێگای هونەرەوە ئەو پرسیار و بابەتانە بوروژێنێت.

ڕامان حسێن  لەدایكبووی شاری کەرکوكی باشووری کوردستانە، لە شاری تامپێرێ لە وڵاتی فنلەندا نیشتەجێیە، دەرچووی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی بەغدایە لە ساڵی 1996، لە وڵاتی فنلەندا لە ساڵی 2008 لەزانکۆی پۆڵیتەکنیكی تامپێرێ بڕوانامەی تایبەتمەندێتی پیشەیی لە بواری هونەری  ڤیدیۆئارت، فۆتۆگراف و میدیادا بەدەست هێناوه، ساڵی 2016 لە زانکۆی تامپێرێ، بڕوانامەی پێداگۆگی هونەر بۆ کارامەیی مامۆستای پیشەیی هونەر بەدەستهێناوە.  

لە ناوە و دەرەوەی وڵات ١٥ پێشانگەی تایبەت بەخۆی کردۆتەوە و بەشداری زیاتر لە١٠پێشانگەی هاوبەشە، بەشداری چەندین ڤیستڤاڵی هونەری کردووە لە دەرەوەی وڵات و وڵاتانی تری ئەوروپا و ئەندامی سەندیکای شێوەکارانی فینلەندایە.

پەیکەری هونەرمەندێکی کورد لە فنلەندا
پەیکەری هونەرمەندێکی کورد لە فنلەندا
رامان حسێن
رامان حسێن