سەدر هەوڵێکی ئێران رەتدەکاتەوە

ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ مالیکی بکات
موقتەدا سەدر - رێبەری رەوتی سەدر
موقتەدا سەدر - رێبەری رەوتی سەدر

K24 - هەولێر

رێبەری رەوتی سەدر، هەوڵێکی نێوەندگیری ئێران رەتدەکاتەوە و دوورخستنەوەی مالیکی لە گفتوگۆکان دەکاتە مەرج.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ژمارەیەک میدیای عێراقی "شاندێکی باڵای ئێران هاتوونەتە بەغدا و هەوڵییانداوە نێوەندگیری لەنێوان رەوتی سەدر و لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بکەن، بەڵام موقتەدا سەدر، مەرجی دوورخستنەوەی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە گفتوگۆکان هەبووە، بۆیە شاندەکەی ئێران بە توڕەیی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان".

شاندەکەی ئێران، بە سەدرییان راگەیاندووە، مالیکی یەکێکە لە کۆڵەکەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعە لە عێراق، بۆیە نابێت دووربخرێتەوە، بەڵام سەدر بەهیچ شێوەیەک رازی نەبووە، بەشداری هیچ دانوستانێک بکات، مالیکی تێدابێت.

لەلایەکی دیکە عەباس عەرداوى، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بزووتنەوەی حقوق، سەربە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لایەنەکانی نێو چوارچێوەى هەماهەنگى، تاوتوێی بایکۆتى پڕۆسەى سیاسی، یان راگەیاندنى ئۆپۆزسیۆن بوون دەکەن.

گوتیشی "ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بژاردەى ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرن".