گه‌نجێك 25 ئۆتۆمبێلی تێسلا لە 13 وڵاتی جیاواز هاك دەکات

گه‌نجه‌كه‌ ده‌ڵێت توانیومه‌ ئۆتۆمبێلەکان بەگەڕ بخه‌م و دواتریش بیانکوژێنمەوە
گه‌نجێك 25 ئۆتۆمبێلی تێسلای هاككرد
گه‌نجێك 25 ئۆتۆمبێلی تێسلای هاككرد

K24 - هه‌ولێر:

خاوەنی 25 ئۆتۆمبێل لە 13 وڵاتی جیاواز رەنگە دووچاری سەرسورڕمان بن کاتێک دەزانن ئۆتۆمبێلە تێسلاکانیان لە لایەن گه‌نجێکی ئەڵمانییەوە هاککراوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگ، دەیڤد کۆلۆمبۆی تەمەن 19 ساڵان شارەزایەکی تەکنەلۆژیایە و لە تویتێکدا ئاشکرای کردووە، توانیویەتی 25 ئۆتۆمبێلی تێسلا هاك بکات.

ئەو کەسە ئاشکرای دەکات، توانیویەتی دەرگا و جامی ئۆتۆمبێلەکان بکاتەوە و دایانبخات، هەروەها بەگەڕیان بخات و دواتریش بیان کوژێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەش سیستەمی بەرگرییەکانیان لە کاربخات.

لە راپۆرتەکەی بلوومبێرگدا هاتووە، ئەو گەنجە دەزانێت، کە ئایا ئۆتۆمبێلەکە شۆفێری تێدایە یان نا، هەروەها توانیویەتی دەستکاری سیستەمی دەنگی ئۆتۆمبێلەکە بکات و فول لایتەکانی دابگیرسێنێت.

لە هەمان کاتدا، گه‌نجه‌كه‌ وردەکاری لەسەر بۆشاییە ئەمنی بەرنامەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە پرۆگرامەکەی پەیوەندی بە پرۆگرامی تێسلا و ژێرخانەکەی نییە، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمی خاوەنانی تێسلا لە جیهان کاریگەر بوونە.

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمپانیای تێسلا سەکۆیەکی لە ئەمه‌ریکا هەیە، بۆ ئەوەی خاڵە لاوەزەکانی پرۆگرامی تێسلا ئاشکرا بکات، هەروەها شارەزایان دەتوانن ناویان تۆماربکەن، تاوەکو پشکنین بۆ تێسلا بکەن، بۆ ئەوەی خاڵە لاوازەکانی بدۆزنەوە، هەروەها کۆمپانیاکە 15 هەزار دۆلار بە هەر کەسێک دەدات، ئەگەر بۆشاییەکی ئەمنی لە پرۆگرامەکەی بدۆزێتەوە.