کۆمپانیایەک لە سنووری دهۆک 12 ملیۆن دۆلاری هاووڵاتییان دەبات

بە خەڵکیان گوتووە: مانگانە پارەکەتان بە زیادەوە دەدەینەوە
دۆلار
دۆلار

K24 – دهۆک

کۆمپانیایەک لە سنووری پارێزگای دهۆک 12 ملیۆن دۆلاری هاووڵاتییانی بردووە و ژمارەیەک کەسیش سکاڵایان تۆمار کردووە.

ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "ساڵی رابردوو کۆمپانیایەک هاتووەتە سنووری قەزاکانی شێخان، ئاکرێ، بەردەڕەش، تائێستا 12 ملیۆن دۆلاری لە خەڵک وەرگرتووە، پێی گوتوون بە زیادەوە پارەکەیان دەداتەوە، ئێستا پارەکەی بردووە و دیار نەماوە".

گوتیشی: "لە کۆی ئەو 12 ملیۆن دۆلارەی کۆمپانیاکە بردوویەتی، 7 ملیۆن دۆلار تەنها هی ژمارەیەک بازرگانی ناحیەی کەلەکچی سەر بە قەزای شێخان بووە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24: "تائێستا تەنها سێ کەس سکاڵایان تۆمار کردووە و سێ کەسیش دەستگیر کراون کە بۆ کۆمپانیاکە کاریان کردووە و پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە".

پەیامنێر، لە زاری هاووڵاتییانی ناوچەکە گوتی: "سەرەتا کەسێک لە پارێزگای کەرکووک هاتووە و بە هاووڵاتییانی گوتووە، ئێمە کۆمپانیای بازرگانین و پارەمان پێبدەن و مانگانە بە زیادەوە پارەکەتان پێدەدەینەوە. دەگوترێت ئەو کەسە لە رێگەی کەسێکی دیکە لە وڵاتی تورکیاوە کارەکەی کردووە".

ئەمە دوای ئەوە دێت پێشتر لە چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردستان هاوشێوەی ئەم حاڵەتە کۆمپانیا و کەس، پارەی خەڵکیان وەرگرتووە، یەکێک لەو کەسانەش پارەی خەڵکی بردو دەنگدانەوەی زۆری لێکەتەوە، کەسێک بوو بەناوی "سلێمانی هەڵشۆیی" لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، دواتر لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان ئەو کەسە دەستگیر کرا.