گوندێك یهك مامۆستا و یهك قوتابی ههیه
K24 - ههولێر:
لە قوتابخانەی گوندێكی چیایی وڵاتی چین، تەنھا یەك مامۆستا و یەك قوتابی ھەن، مامۆستاكەش سهرجهم وانەكان دەڵێتەوە.
ئێرە قوتابخانەی گوندی فێییە و یەك مامۆستای ھەیە، ئەگەر لە ھەندێ وڵاتانی دیكه بە خواست بێت، لێرە بە ناچارییە، ھاوشێوەی ھەندێك قوتابخانە لە كوردستان.
"زو بیرو" ناوی ماۆستاكەیە و وانهكانی: زمانی ماندەری چینی، ژمێریاری، مۆسیقا، وێنە، وەرزش و رەوشت دەڵێتەوە، ئەمەش ئەركی ماۆستاكەی قورستر كردووە.
زو بیرو، مامۆستای قوتابخانەی فێی گوتی:"بوونی قوتابی زۆر دەرفەتی بەشداربوونی زیاتر دروست دەكات، بەڵام بە بوونی یەك قوتابی ئاسان نییە و ئەگەر تەواو ئاگادار نەبی، قوتابییەكە خێرا ئاگای لە وانەكان نامێنێ".
گوتنەوەی ئەو ھەموو وانەیە لە ناوچەیەك كە ژمارەی دانیشتوانی كەمن و چالاكی كۆمەڵایەتی سنووردارە، ئاسان نییە، بەڵام مامۆستا زو پێی وایە ئەو وابەستەی گوندەكە بووە و پلانی جێھێشتنی گوندی فێی نییە. ھاوكات، حكوومەتی چین تەواو ھاریكارە بۆ دابینكردنی پێویستییەكانی ئەم قوتابخانە دوورەدەستە.
ژانگ یوانمینگ، بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوچەی یۆنگتای گوتی: "خزمەتگوزارییەكان بێ بەرامبەرن، حكوومەت ھەر 3 ژەمەكان دابین دەكات، ئەمە ئەگەر بۆ ئەم قوتابخانەیە ئاسان بێت، بۆ ئەوانی تریش پابەندی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانین".
ئەم قوتابخانەیە لە پێشان 300 قوتابی و 50 مامۆستای ھەبووە و بەڵام لەبەر نەبوونی ھەندێك خزمەتگوزاری گشتی و قوتابخانەی ناوەندی و ئامادەی و نەبوونی كار، خەڵكەكەی بەرەو ناوەراستی شارەكان چوونە. ئەمەش بە بۆچوونی شارەزایان، بۆ ناوەندیی بوونی حكومەتی چین دەگەڕێتەووە و ھاوكات بە نەبوونی پلان لەقەلەم دەدرێت بۆ ناوچە دوورە دەستەكان، كە دواجار بە ھۆیە شارەكان جەنجالتر و دێھاتەكانیش چۆڵتر دەبن و دیاردەكەش بەگشتی پاڵەپەستۆی زیاتر لەسەر حكومەت دروست دەكات.