ئێران دراوی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنێت

لەگەڵ بانکی ناوەندی رێککەوتوون
دراوی ئەلیکترۆنی
دراوی ئەلیکترۆنی

K24 - هەولێر

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ بانکی ناوەندی رێککەوتوون، بۆ ئەوەی بتوانن لە بازرگانی دەرەکی دراوی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنن.

رەزا پەیمان پاک، جێگری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەم دوایانە بەکارهێنانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان، لای ئەوان بووەتە بەشێک لە پلانەکانیان، بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی دارایی و میکانیزمەکانی پارەدان، لەگەڵ بانکی ناوەندی ئێران رێککەوتوون لە بازرگانییە دەرەکییەکاندا کار بۆ بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنی بکەن.

ئاشکراشی کرد، ماوەی سێ هەفتەیە دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ئەو دراوە ئەلیکترۆنییانە، پێشبینی دەکەن بە پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە نوێیە، هەناردەکردنی کاڵا نانەوتییەکان 10% گەشە بکات. 

جێگری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئێران داواشی لە بازرگانان کرد، هەموو ئەو دراوە ئەلیکترۆنیانەی گونجاون بۆ مامەڵەکرد بەکاربهێنن.