90 هه‌زار كه‌س ساڵانه له ئێران تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌بن
K24 – هه‌ولێر
ساڵانه 90 هه‌زار كه‌س له ئێران تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌بن و 50 هه‌زار كه‌سیش به‌هۆی ئه‌م نه‌خۆشییه گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
به‌ڕێوه‌به‌ری شێرپه‌نجه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران به ئاشكراكردنی به‌ربڵاوترین شێرپه‌نجه له وڵاته‌كه‌ی به ئاژانسی ئیرنا رایگه‌یاند زیاتر له 300 هه‌زار تووشبوانی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه له ئێران هه‌یه كه ساڵانه 90 هه‌زار كه‌س به تووشبوانی ئه‌م ئه‌خۆشییه زیاد ده‌بن.
عه‌لی موتله‌ق هه‌روه‌ها وتی ساڵانه 50 هه‌زار كه‌س به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن كه به‌شێكیان له‌و 90 هه‌زار كه‌سانه‌ن كه ساڵانه تووش ده‌بن.
له ئێران سیسته‌مێك بۆ تۆماركردنی ژماره‌ی تووشبوانی شێرپه‌نجه دانراوه كه 85% حاڵه‌تی تووشبوانی به‌م نه‌خۆشییه تۆمار كراوه و به پێی ئاماره‌كانی پێنج ساڵی رابردوو 300 هه‌زار كه‌س له‌م ماوه‌یه‌دا تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه بوونه.
به‌رپرسه‌كه‌ی ئێرانی هه‌روه‌ها وتی به‌ربڵاوترین نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی پیاوان له وڵاته‌كه‌ی شێرپه‌نجه‌ی گه‌ده‌یه و له‌ناو ژنانین شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك و له‌ناو منداڵانیش شێرپه‌نجه خوێن و میشكه كه 70% حاڵه‌تی شێرپه‌نجه منداڵان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.