ئێرانییه‌كان بۆ فرۆشتنی گورچیله‌كانیان روو له عێراق ده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی پزیشكیی ئێرانی ئاشكرایكرد، ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ فرۆشتنی گورچیله‌كانیان به نرخێكی گران و به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، روو له عێراق ده‌كه‌ن.
به‌گوێره‌ی میدیا ئێرانییه‌كان، حوسێن بیكله‌ری، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پشتیوانی له تووشبووانی نه‌خۆشیه‌كانی گورچیله له پارێزگای كرماشان گوتی: به‌شێك له هاووڵاتییانی هه‌ژاری ئێرانی، كه ده‌یانه‌وێت گورچیله‌كانیان بفرۆشن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته روو له عێراق ده‌كه‌ن و به نرخێكی گران و به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ده‌یفرۆشن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "زۆرێك له‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت گورچیله‌كانیان بفرۆشن، ده‌ڵێن: له ئێران نرخه‌كه‌ی هه‌رزانه، بۆیه ده‌یانه‌وێت له عێراق به گرانتر بفرۆشن".
گوتیشی: وێڕای زیادبوونی ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت گورچیله‌كانیان بفرۆشن، رێژه‌ی چاندنی گورچیله‌ش رووی له نزمبوونه‌وه كردووه، چونكه له‌به‌ر گرانی نرخه‌كه‌ی، ئه‌وانه‌ی پێویستییان به گورچیله‌یه توانای كڕینیان نییه.
به‌گوێره‌ی میدیا ئێرانییه‌كان، له گرێبه‌ستی واژۆكراو له‌نێوان كۆمه‌ڵه‌كانی پشتیوانی له تووشبووانی نه‌خۆشیه‌كانی گورچیله له ئێران، نرخی هه‌ر گورچیله‌یه‌ك به 80 ملیۆن تومه‌ن دیاریكراوه، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه به 150 تا 300 ملیۆن تومه‌ن ده‌فرۆشرێن.
هه‌روه‌ك میدیا ئێرانییه‌كان له‌سه‌ر زاری هۆشه‌نگ ره‌زوان په‌نا، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پشتیوانی له تووشبووانی نه‌خۆشیه‌كانی گورچیله له جه‌یلان گواستییانه‌وه، "به‌هۆی هه‌ژاری و كێشه‌ی دارایی، تا دێت ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه زیاتر ده‌بێت، كه ده‌یانه‌وێت گورچیله‌كانیان بفرۆشن".
له‌كاتێكیشدا بازرگانیكردن به ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی مرۆڤ له عێراق ته‌شه‌نه‌ی كردووه، برای یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله‌یان بۆ كراوه، تایبه‌ت كوردستان24ی راگه‌یاند، ته‌نها یه‌ك گورچیله‌یان بۆ براكه‌یان به 18 ملیۆن دینار كڕیوه، به‌ڵام به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌چێته گیرفانی ده‌ڵاله‌كانه‌وه نه‌ك ئه‌وانه‌ی به ناچاری گورچیله‌كانیان ده‌فرۆشن.
له‌م گرافیكه‌دا كوردستان24 زانیاری زیاتر له‌باره‌ی بازرگانیكردن به ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌خاته‌ڕوو:
H.B