"كار له‌گه‌ڵ تره‌مپ ده‌كه‌یت یان له حزب ده‌ڕۆیته ده‌ره‌وه"
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
به په‌یامێكی روون و ئاشكرا و بێ پێچ و په‌نا، سیناتۆری كۆمارییه‌كان (لیندسی گراهام) په‌یامێكی ئاشكرای ئاراسته‌ی میتچ ماككۆنیل، سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان كرد، "په‌یوه‌ندی به دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه ده‌كه‌یت یان له حزب ده‌رۆیته ده‌ره‌وه".
گراهام، سیناتوری ساوس كارۆلینا له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ "شۆن هانیتی"، له كه‌ناڵی فۆكس نیوز، شه‌وی (12ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022) ده‌رباره‌ی باوه‌ڕپێهێنانی ماككۆنیل سیناتۆری كنتاكی و سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان، به‌م شێوه‌یه قسه‌ی كرد: "هه‌ڵبژاردن وابه‌سته‌یه به ئاینده‌مانه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و (ماككۆنیل) ده‌یه‌وێت وه‌ك سه‌ركرده‌ی كۆماری له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیران بێت، پێویسته په‌یوه‌ندی كاركردنی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ باش بێت، ئایا سیناتۆر ماككۆنیل به كرده‌وه ده‌توانێت كاربكات له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌ركرده‌ی كۆماری؟".
ماككۆنیل له‌سه‌رده‌می رۆناڵد رێگان-ی سه‌رۆكی پێشوو زۆربه‌ی كۆمارییه‌كان گرنگییان پێده‌دا، بۆیه گراهام وتی: "ئێستا ئایا به‌كرده‌وه كار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حزبی كۆمارییه‌كان ده‌كات وه‌ك كاتی رێگان"، گوتیشی:"من ده‌نگ ناده‌م به هیچ كه‌سێك وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پیران به سیفه‌تی كۆماری ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بم به‌رگری له‌و ئه‌جێندایه ده‌كات (ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌مه) و په‌یوه‌ندی كاركردنی له‌گه‌ڵ تره‌مپ باشه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر وانه‌كات شكستده‌هێنێت".
به‌ڵام ئارۆن بلیك له رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، كه گراهام واده‌ره‌كه‌وێت كه هه‌وڵبدات كه پاڵ به ماككونیل-ه‌وه بنێت، كه خۆی راده‌ستی تره‌مپ بكات وه‌ك زۆر كه‌سی دیكه.
ناكۆكییه‌كانی ماككونیل له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ له‌دوای هه‌ڵكوتانه سه‌ر بینای كاپیتۆل له‌لایه‌ن هه‌وادارانی تره‌مپ-ه‌وه له (6ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021)ه‌وه ده‌ستی پێكرد.
چه‌ند كاتژمێرێك دوای رووداوه‌كه، ماككونیل گوتارێكی به‌هێزی پێشكه‌شكرد، كه تێیدا گوتی: "ئه‌گه‌ر دانبه‌و راستییه‌دا نه‌نێین، كه ئه‌وه‌ی تره‌مپ كردوویه‌تی هه‌ڵه‌یه؛ ئه‌وا بۆ هه‌تا هه‌تایه زیان به جه‌ماوه‌ره‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نێت".
له (10ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021)، تایمز ناونیشانی سه‌ره‌كی راپۆرتێكی ئه‌وه بوو كه ماككونیل خۆشحاڵه به‌وه‌ی دیموكراته‌كان نیه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌یه، جارێكی دیكه متمانه له تره‌مپ بسه‌ننه‌وه.
چه‌ند رۆژێك دواتر ده‌یان ئه‌ندامی كۆمارییه‌كان چوونه پاڵ دیموكراته‌كان بۆ متمانه لێسه‌ندنه‌وه له تره‌مپ، له‌و رۆژه‌دا ماككونیل له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا به ئاشكرا گوتی: "به هاورێ كۆمارییه‌كانم گوتووه مه‌سه‌له‌ی متمانه لێسه‌ندنه‌وه له تره‌مپ په‌یوه‌ندی به ویژدانی كه‌سه‌كه‌وه هه‌یه".
قسه‌كانی گراهام وه‌ك هه‌ڕه‌شه لێكده‌درێته‌وه، چونكه گراهام گوتی: "پێویسته ماككونیل په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تره‌مپ باش بكات، ئه‌گه‌رنا .." (قسه‌كانی ته‌واو نه‌كرد).
ئامۆژگارییه‌كانی گراهام ته‌نیا چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌هات، كه تره‌مپ له چاوپێكه‌وتنێكی NPR دا، گوتی: "ماككونیل دۆڕاوه، له‌نێو ناوه‌ندی كۆمارییه‌كاندا له ئه‌نجومه‌نی پیران ده‌ڵێن كه هه‌رگیز پاڵپشتی ماككونیل ناكه‌ینه‌وه وه‌ك سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنی 2022 براوه‌بین".
ئێستا په‌یوه‌ندی نێوان تره‌مپ و ماككونیل له ئاستێكی خراپدایه و چووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی حزبایه‌تی، تره‌مپ ناڕازییه له شێوازی كاركردنی ماككونیل و پێوایه خۆی راده‌ستی كۆشكی سپی و زۆرینه‌ی دیموكراته‌كان كردووه، له ئه‌نجومه‌نی پیران ده‌رباره‌ی زۆر مه‌سه‌له‌ی گرنگ له‌وانه به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بودجه‌ی ساڵانه له‌لایه‌ن سه‌رۆك جۆو بایدن-ه‌وه.
زۆربه‌ی زۆری كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردنی 2022ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پاڵپشتی تره‌مپ ناكه‌ن به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ی دژی ماككونیل ده‌ستی پێكردووه، چونكه تا ئه‌مساته به پێچه‌وانه‌ی لیندسی گراهام-ه‌وه ئاستی به‌خشینی پاره به حزب له‌لایه‌ن ماككونیل-ه‌وه به‌هێزه و كاریگه‌ری بۆ سه‌ر هه‌وادارانی حزب هه‌یه.
هه‌روه‌ها گه‌وره به‌رپرسانی كۆمارییه‌كان له ته‌واوی له‌پشت سیناتۆرێكی وه‌ك مایك رواندز -ه‌وه بوون كاتێك هێرشی كرده سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ به‌هۆی ئه‌وه‌ی داننانێت به بردنه‌وه‌ی جۆو بایدن-ی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2020.
هه‌ر بۆیه شه‌وی (13ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022)، میتچ ماككۆنیل سه‌ركرده‌ی كۆمارییه‌كان له چاوپێكه‌وتنێكی سی ئێن ئێن-دا گوتی: "پێموایه سیناتۆر مایك رواندز هه‌قیقه‌تێكی ته‌واوه ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی 2020 گوتووه، من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌م".