"لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق گەندەڵی زۆر هەیە"

بەشێک لە بازرگانانی کوردستان کاڵاکانیان لە دەروازەکانی عێراق هاوردە دەکەن
دەروازەی سنووری
دەروازەی سنووری

K24 - هەولێر

بەهۆی بوونی گەندەڵی لە دەروازە سنورییەکانی عێراق، کە بازرگانان رسوماتی کەمتر دەدەن، بەشێك لە بازرگانان لە هەرێمی کوردستان کاڵاکانیان لە دەروازە سنوورییەكانی خوارو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاوردە دەکەن، کە ئەمە زیانی بۆ دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ھەیە. یەكێتی ھاوردە و ناردنكارانی لقی ھەولێر رایدەگەیەنێت، بە شێوەیەكی مەیدانی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەكەن، بۆ ئەوەی ئاسانكاری زیاتر بۆ بازرگانان بكەن.

حاجی یەحیا، بازرگانێکی هەولێرە و کۆمپانیای فرۆشتنی کەلوپەلی کارەبایی هەیە، باسی کاڵاکانی دەکات کە هەمیشە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی دەکردن، بەڵام ماوەی ساڵێکە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە کاڵاکانی هاوردە دەکات، چونکە رسوماتی کەمتر دەدەن و چاوپۆشی لە ھێنانانی كاڵاكان دەكرێت. ئەو بە بازرگانە بە کوردستان24ی گوت: "ماوەی ساڵێکە روومان لە دەروازە سنوورییەکانی باشووری عێراق کردووە، چونکە باج کەمترە و ئاسانکاری زیاترمان بۆ دەکەن".

گوتیشی: "ئێمە پێمان خۆشە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریمان بۆ بکەن، بۆ ئەوەی لە دەروازەکانی خۆمان کەلوپەل هاوردە بکەین، بەڵام بە ناچاری روومان لەوێ کردووە".

 یاسای هاوردەکردن و وەرگرتنی باج و رسومات، لە دەروازە سنورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان یاسایە، بەڵام بوونی گەندەڵی و نەبوونی چاودێرییەکی توند و كەمتر وەرگرتنی رسومات لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق، وایکردووە بەشێك لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە خوار و ناوەڕاستی عیراقەوە کاڵاکانیان هاوردە بکەن، لە ئەنجامدا کاریگەری و زیانی لەسەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستكردووە.

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتی هاوردەو ناردنکارانی لقی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "گەندەڵییەکی یەکجار زۆر لە دەروازە سنوورییەکانی حکومەتی عێراق هەیە، پێناسەی گومرگی وەکخۆی جێبەجێ ناکرێت، بەڵام لە سنوورەکانی ئێمە پێناسەی گومرگی بەپێی یاسا جێبەجێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی بازرگانان لەوێ پارەیەکی زۆر کەم وەکو روسومات دەدەن روویان تێکردووە، ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی لای بازرگانانی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "پێشنیاز دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە پێناسەی گومرگی دا بکات، لە خاڵە سنوورییەکان ئاسانکاری تەواو بۆ بازرگانان بکرێت، بۆ ئەوەی بازرگانانی خۆمان لە سنوورەکانی خۆمان بازرگانی بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشتر زۆربەی کاڵاکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرا، لێرەوە کەلوپەل دەچووە شارەکانی دیکەی عێراق، بەڵام ئێستا پێچەوانەوە بووەتەوە".

بەشێک لە بازرگانانی شاری لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی هاوردەوناردنکارانی  لقی هەولێر بە شیوازێکی مەیدانی گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە دەكەن بە مەبەستی ئاگاداربوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتی بەردەم پڕۆسەی هاوردەکردن لە خاڵە سنورییەکان و ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگان و خاوەن كۆمپانیاكان.