گه‌نجێكی په‌نابه‌ری كورد له‌ ئه‌ڵمانیا یاریی كۆمپیوته‌ر دیزاین ده‌كات

ژیانی په‌نابه‌رێتی و نه‌هامه‌تییه‌كانی له‌ رێگه‌ی كۆچكردن له‌ یارییه‌كه‌یدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌.. یاره‌ییه‌كه‌ی بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌لاتێكی گه‌وره‌ پاڵاوتووه‌

ره‌وه‌ند ئه‌حمه‌د، گه‌نجێكی په‌نابه‌ری كورد له‌ ئه‌ڵمانیا
ره‌وه‌ند ئه‌حمه‌د، گه‌نجێكی په‌نابه‌ری كورد له‌ ئه‌ڵمانیا

K24- هه‌ولێر:

ره‌وه‌ند ئه‌حمه‌د ئه‌و په‌نابه‌ره‌ گه‌نجه‌ كورده‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ توانیویه‌تی له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا دیزاینی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان بكات، بۆ دیزاینكردنی ئه‌و یاریه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ی دایهێناوه‌، ئه‌زموونی ژیانی خۆی كردووه‌ته‌ ته‌وه‌ری یارییه‌كه‌‌.

رۆژنامه‌ی لۆدفیسبۆرگی ئه‌ڵمانی له‌ راپۆرتێكدا له‌سه‌ر زاری ره‌وه‌ند ئه‌حمه‌د، كه‌ له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ كوردستانی جێهێشتووه‌، نووسیویه‌تی: "كاتێك مرۆڤ ناچار ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری وڵاته‌كه‌ی بێت یانیش تووشی دۆخێكی ناخۆش ده‌بێت و رووبه‌ڕووی دوو بژارده‌ی ئاو و مۆبایل بووه‌وه‌، ئه‌وا پێویسته‌ بژارده‌ی دووه‌م هه‌ڵبژێرێت".

ئه‌و گه‌نجه‌ كورده‌ ده‌ڵێت: "پێویسته‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ به‌ كه‌سانی دیكه‌ ئاشنا بكرێت"، بۆیه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئه‌و بڕیاریدا ئه‌وه‌ی له‌ ژیانی په‌نابه‌رێتی و رێگه‌ی كۆچبه‌ریدا بینیویه‌تی، وه‌ك یادگاری بگوازێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی ئامرازێكی داهێنه‌رانه‌ و جیاواز.

ئێستا ره‌وه‌ند ئه‌حمه‌د له‌ دوا قۆناغی دیزانكردنی كه‌سایه‌تییه‌كه‌، كه‌ له‌ یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌دا رۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌یه‌ و ته‌وه‌ری بابه‌ته‌كه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی هه‌ڵاتندا ده‌خولێته‌وه‌.

له‌كاتێكیشدا زۆرێك له‌ بابه‌ته‌كانی سه‌رده‌م بوونه‌ته‌ بنه‌مای دیزاینكردنی یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و یاریزانانی ئه‌و یاریانه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌ شێوازێكی روونتر له‌ پرس و بابه‌ته‌كان تێده‌گه‌ن، یارییه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دیش كه‌ پشتیوانییه‌كی زۆری به‌ده‌ستهێناوه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ ئه‌حمه‌د یارییه‌كه‌ی بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌ڵمانیاوه‌ پاڵاوتووه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: كارێكی ئاسان نییه‌ كه‌ تۆ بتوانیت ئه‌زموونی كۆچكردن، كه‌ بابه‌تێكی مرۆیی ئاڵۆزه‌، له‌ یارییه‌كدا ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ بكه‌یت، چونكه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ تۆ هاوسه‌نگییه‌كی به‌رده‌وام له‌نێوان راسته‌قینه‌ (جددیه‌ت) و یاریدا بكه‌یت.

ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌ی یارییه‌كی ئه‌لیكترۆنیی له‌ ئه‌ڵمانیا دیزاین كرد
ئه‌و په‌نابه‌ره‌ كورده‌ی یارییه‌كی ئه‌لیكترۆنیی له‌ ئه‌ڵمانیا دیزاین كرد

H.B