ئێران و چین رێككه‌وتن

هاووڵاتیانی ئێرانی ده‌ڵێن وڵاته‌كه‌یان به‌ چین فرۆشراوه‌
ئێران و چین رێككه‌وتن
ئێران و چین رێككه‌وتن

K24 - هەولێر:

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و چین بڕیاریاندا، رێککەوتنی 25 ساڵەی نێوان وڵاتەکانیان لە ئەمڕۆوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای بەدواداچوونی نەوتهەڵگرەکان، لە ساڵی رابردوودا 75٪ـی هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بۆ وڵاتی چین بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە چین زیاتر لە 20 دۆلار هەرزانتر لە نرخی بازاڕ بۆ هەر بەرمیلێک، بەرهەمە نەوتییەکانی ئیران دەکڕێ.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان کە هەینی رابردوو 14ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2022 سەردانی چینی کرد و لەگەڵ هاوتا چینییەکەی کۆبووەوە، ئەمڕۆ لە توێتێکدا بە زمانی چینی بڵاویکردەوە رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین رێککەوتووین، لەمڕۆوە رێککەوتننامەی هاوکاریی 25 ساڵەی نێوان دوو وڵات، چووه‌ بواری جێبەجێکردنەوە.

رێککەوتننامەکە رۆژی 29ـی مانگی ئاداری ئەمساڵ لەسەردەمی کابینەی حەسەن رۆحانی، لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و چین و بە بڕیاری راستەوخۆ و پێداگریی ئایەتوڵلا خامەنەیی واژوو کرا.

رێککەوتنامەکە، کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری هاووڵاتیانی لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و وەک رێککەوتنی فرۆشتنی وڵاتی ئێران بە چین ناوی لێنرا.

سەرەڕای ئەو هەموو ناڕەزایەتییەش هێشتا هیچ وردەکارییەکی ئەم رێککەوتننامەیە بۆ ڕای گشتیی ئێران ئاشکرا نەکراوە.

گۆڤاری پلاتسیش کە گۆڤارێکی پسپۆڕیی تایبەت بە بواری وزەیە بە پشتبەستن بە سەرچاوە بازرگانییەکان رایگەیاندووە چین بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران و بە تایبەتیش گازی شل بە نرخێکی زۆر هەرزانتر لە بازاڕ و لە نێوان 20 تا 25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک هەرزانتر لە نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی سعوودیە دەفرۆشێت.

پێشتریش ئاژانسەکانی نێودەوڵەتی رایانگەیاندبوو، چین نەوتی ئێران لە نێوان 5 بۆ 10 دۆلار هەرزانتر لە نرخی جیهانی دەکرێت.