بەهۆی بەفربارین رێگایەک دادەخرێت

هاتووچۆ شوفێران ئاگادار دەکاتەوە
دیمەنێکی ئێستای رێگای دەربەندی گۆمەسپان بۆ سەر چیای سەفین و کەپکی گەرۆتە
دیمەنێکی ئێستای رێگای دەربەندی گۆمەسپان بۆ سەر چیای سەفین و کەپکی گەرۆتە

K24 – هەولێر

هاتووچۆی هەولێر شوفێران ئاگادار دەکاتەوە، بەهۆی بەفربارینی زۆر رێگای دەربەندی گۆمەسپان بۆ سەر چیای سەفین و کەپکی گەرۆتە دادەخرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: "سەرجەم شوفێران وهاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە، بەهۆی دابارینی بەفرێکی زۆر، رێگای دەربەندی گۆمەسپان بۆسەر چیای سەفین و کەپکی گەرۆتە دادەخرێت، لەبەر چڕی بەفرەکە لەسەر رێگا و کەمبونەوەی مەودای بینینیش بۆ چەند مەترێک".

لە راگەیەندراوی هاتووچۆی هەولێر هاتووە: "هاووڵاتییان و شوفێران ئێستا وەک بەدیل دەتوانن رێگای ( هەولێر شەقڵاوە هیران) بەکاربێنن، کە لەکاتی ئێستا هاتووچۆ تیایدا ئاساییە، لەهەمانکاتیش داوایان لێدەکەین هاتووچۆیان سنووردار بکەن، لە حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت سەفەر نەکەن".