کۆڕبەندێکی گەورەی ئابووری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی کۆڕبەندەکە دەکات
حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان
حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سبەی کۆڕبەندی کشتوکاڵی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەڕێوەدەچێت، تێیدا گفتۆگۆ لەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ دەکرێت و چەند پانێلێکیش بەڕێوەدەچن.

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "کۆڕبەندەکە بە هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان بەڕێوەدەچێت و هەموو ئامادەکارییەک کراوە".

گوتیشی: "لەو کۆڕبەندە تیشک دەخرێتەسەر پلان و بەرنامە و ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی چۆن وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی بکرێتە سیکتەرێکی گرنگی ئابووری، لە پاڵ کەرتەکانی وزە، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، بازرگانی و گەشتوگوزار، هەروەها باس لە رۆڵی کەرتی تایبەت لە بواری کشتوکاڵ دەکرێت، گفتوگۆش لەبارەی ئەو کێشانە دەکرێت کە لە دوو ساڵی رابردوو ئەنجامدراون، باسیش لە لابردنی بەربەستەکانی بەشێوازێک کە ئامانجەکان بەدیبێن، وەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستنیشانکراوە".

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستەی وەبەرهێنان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ ژمارەیەک پڕۆژەی راگەیاندووە، کە زۆر لەو پڕۆژانە ژێرخانن بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بۆ ئەم مەبەستە لە کۆتا مانگی ساڵی رابردوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان کرا، ئامادەسازی کرا کە چۆن بتوانین رووبەری زەوی لە پارێزگاکان بەپێی پێویستی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دابین بکەین، ئێستا لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولامان پێکهاتووە و کار دەکەین بۆ ئامادەکردنی زەوی و دەستنیشان کردنی ئەو زەویانەی گرنگن بۆ وەبەرهێنان".

راشیگەیاند: "کەرتی تایبەت لە هەموو بوارەکان بەتایبەتی لە کەرتی کشتوکاڵ رۆڵی گرنگی هەیە، لەم چەند ساڵەی دوایشدا چەندین پڕۆژەی گرنگ لەلایەن کەرتی تایبەت جێبەجێکراون".