سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: کشتوکاڵ کاری لە پێشینەمانە

"مۆڵەت بە 100 پڕۆژەی کشتوکاڵی دراوە"
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایدەگەیەنێت، گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان کاری لە پێشینەی حکومەتە و 100 پڕۆژە لەو کەرتە پەسند کراوە و مۆڵەتیان پێدراوە، ئێستا دەستەی وەبەر‌هێنان و وەزارەتی کشتوکاڵ سەرقاڵی دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵین.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەک دەستەی وەبەرهێنان رۆڵی ناوەند دەگێڕین لەنێوان وەبەرهێنەران و سێکتەری کشتوکاڵ، گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روئیای سەرۆکی حکومەت روونە بۆ ئەوەی دەبێ کەرتی کشتوکاڵ بەرەوپێش بچێت، ئێمەش دەمانەوێت هەموو پشتیوانیەکی کەرتی کشتوکاڵ بکەین".

گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا و لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، 100 پڕۆژە لە کەرتی کشتوکاڵ پەسند کراون و مۆڵەتیان پێدراوە، کە دەکاتە نزیکەی %10ی ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کراون و مۆڵەتیان پێدراوە، ئەمە گۆڕانکارییەکی بەرچاوە، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ هەماهەنگیمان هەیە و بۆ دروستکردنی نەخشەی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی، کە لە قۆناغی یەکەمدا 25 پڕۆژەی گەورە دەبێت،و لە داهاتوودا زیاتر دەکرێت".