"هاووڵاتییەک بەهۆی داخرانی رێگای گوندەکەیان گیانی لەدەستدا"

بەهۆی بەفربارین رێگای گوندەکەیان داخراوە
کاتی بەخاکسپاردنی ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەستداوە
کاتی بەخاکسپاردنی ئەو هاووڵاتییەی گیانی لەدەستداوە

K24 – هەولێر

هاووڵاتیەک لە گوندێکی سنووری شارباژێر، نەخۆشدەکەوێت و کەسوکاری ویستویانە بۆ چارەسەر بیگەیەننە سلێمانی، بەڵام رێگای گوندەکەیان بەهۆی بەفربارین داخراوە، بۆیە لە رێگا گیانی لەدەستداوە.

محەمەد عەلی، هاووڵاتییەکی دانیشتووی ناوچەکەیە و نزیکە لە خێزانی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی حاجی عەبدوڵڵا-یە دانیشتووی گوندی چۆخماخە لە سنووری ناحیەی گاپیڵۆن، دوێنێ باری تەندروستی ناجێگیر بووە، کەسوکاری ویستویانە بیگەیەننە سلێمانی بۆ چارەسەر، بەڵام بەهۆی بەفربارین رێگای گوندەکەیان داخراوە و نەیتوانیوە دەربچن، بۆیە لە رێگا و لەناو ئۆتۆمبێل گیانی لەدەستدا".

ئەو هاووڵاتییە گلەیی لە بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە کرد کە زوو هەوڵی پاککردنەوەی رێگای گوندەکانی ئەو سنوورەیان نەداوە و گوتی: "رێگای ئەو گوندانە تائیستا قیڕ نەکراوە و هاتووچۆ پێیاندا سەختە، لەکاتی بەفربارینش سەختر دەبێت، چەندین جار دانیشتووانی ناوچەکە داوای چاککردنی رێگاکەیان کردووە، بەڵام تائێستا داواکەیان جێبەجێ نەکراوە، هەروەها لەم دوو رۆژە کە بەفرباریوە هەوڵیان نەداوە رێگای ئەو گوندانە پاک بکەنەوە، بۆیە هاووڵاتییانی گوندەکە ناتوانن  بگەنە سلێمانی".

راشیگەیاند: "دوای ئەوەی ئەو کەسە گیانی لەدەستدا کەسوکار و ناسیاوەکانی بەهۆی داخرانی رێگاکە نەیانتوانی بگەنە گوندەکە و بەشداری لە بە خاکسپاردن و پرسەکە بکەن".

روونیشیکردەوە: "مام حاجی عەبدوڵڵا بە تەمەن بوو، بۆیە لەکاتی تێكچوونی باری تەندروستی پێویست بوو زوو بگەیەندرێتە نەخۆشخانە و چارەسەری بۆ بکرێت، بەڵام بەهۆی داخرانی رێگاکە نەتوانرا ئەوە بکرێت".