بەهۆی رەنوی بەفر 450 سەر مەڕ و بزن مرداربوون

"حەوت کەس خاوەنداریەتی ئەو رانە مەڕ و بزنەیان کردووە"
دیمەنێکی بەفربارین لە سنووری ناحیەی هەڵشۆ
دیمەنێکی بەفربارین لە سنووری ناحیەی هەڵشۆ

K24 – پشدەر

بەهۆی رەنوی بەفر لە سنووری قەزای پشدەر، 450 سەر مەڕ و بزن مرداربوون.

ئەبوبەکر وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی هەڵشۆی سەر بە قەزای پشدەر بە کوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو 450 سەر مەڕ و بزن لە کوێستانەکانی سنووری ناحیەی هەڵشۆ نزیک مەرزی کێلێ لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەھۆی زۆری بەفربارین و رەنوی بەفر بەسەریاندا مرداربوون".

بەڕێوبەری ناحیەی ھەڵشۆ ئاماژەی بەوە کرد: "رانە مەڕ و بزنەکە حەوت کەس خاوەندارێتیان کردووە و خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانن، هەوڵیانداوە بەشێوەیەکی نایاسایی داخڵی هەرێمی کوردستانیان بکەن، بەڵام لە شوێنی رووداوەکە زیاتر لە دوو مەتر بەفر باریووە و رەنوی بەفریان بەسەردا ھاتووە. دوای رووداوەکەش ھەر حەوتیان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە رۆژھەڵاتی کوردستان".

راشیگەیاند: "کۆی گشتی مەڕ و بزنەکان نزیکەی  481  سەر بوون تەنها  31 سەر رزگاریان بووە و 450 سەری دیکەش مردار بوونە".