كریستیانۆ رێگه‌ی نه‌داوه‌ خه‌ڵاتی زه‌بێست بۆ مێسی بێت

كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیڤاندۆڤسكی
كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیڤاندۆڤسكی

کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە لە بەدەستهێنانی خەڵاتی زەبێستی ٢٠٢١ لەلایەن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکییەوە.

دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی دەنگی کاپتن و راهێنەرەکانی خەڵاتی زەبێستی ٢٠٢١ دەرکەوتووە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەنگی یەکەمی خۆی بە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی داوە کە دەنگی یەکەمی کاپتنی هەڵبژاردەکان بۆ باشترین یاریزانی جیهان پێنج خاڵی لەسەرە، بەمەش هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکە بە دەنگەکەی لیڤاندۆڤسکی بەپێش مێسی خستووە، چونکە مێسی تەنیا بە جیاوازی چوار خاڵ خەڵاتەکەی لەدەست دا، لیڤاندۆڤسکی بە کۆکردنەوەی ٤٨ خاڵ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و خەڵاتەکەی بردەوە، لیۆنێل مێسیش ٤٤ خاڵی بەدەستهێنا و پلەی دووەمی بەدەستهێنا و محەمەد سەڵاحیش بە ٣٩ خاڵ سێیەم بوو.

لیۆنێل مێسیش لە دەنگدانەکەی وەکو کاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا دەنگەکانی بۆ نێیمار و مباپێ و بێنزێما بووە.

گەرچی مێسی دەنگی بە لیڤاندۆڤسکی نەداوە بەڵام هێرشبەرە پۆڵەندییەکە دەنگی دووەمی خۆی وەکو کاپتنی هەڵبژاردەی پۆڵەندا بۆ مێسی بووە، دەنگی یەکەمی بۆ جۆرجینهۆ و دەنگی سێیەمی بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە. محەمەد سەڵاحیش دەنگی یەکەمی جۆرجینهۆ بووە و دەنگی دووەمی بە مێسی و دەنگی سێیەمی بە لیڤاندۆڤسکی داوە.

پێترۆڤیچ راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەنگەکانی بە لیڤاندۆڤسکی و مباپێ و محەمەد سەڵاح داوە و ئەمجەد عەتوانی کاپتنی شێرەکانی رافیدەینیش دەنگەکانی بە لیڤاندۆڤسکی و مێسی و محەمەد سەڵاح داوە.

لەوەتەی ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی زەبێستی و باڵۆن دۆر بە جیاواز دابەش دەکرێن بۆیەکەمجار براوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر خەڵاتی زەبێستی بەدەست نەهێنا و دوو براوەکە جیاواز بوون، بۆیەکەمجاریش لە مێژووی خەڵاتی زەبێست کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە سێ بەربژێرەکەی کۆتاییدا نەبوو.