نیشانەکانی دەستپێکردنی شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا لە ئێران دەرکەوت

"ئەگەری زۆر بوونی مردن بە جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا لە ئارادایە"
نیشانەکانی دەستپێکردنی شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا لە ئێران دەرکەوت
نیشانەکانی دەستپێکردنی شەپۆلی شەشەمی کۆرۆنا لە ئێران دەرکەوت

K24 - هه‌ولێر:

سی ڕۆژ دوای تۆمارکردنی یەکەم تووشبووی جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە ئێران، هێما و نیشانەکانی دەستپێکردنی شەپۆلی شەشەمی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دەرکەوتووە.

سکرتێری کۆمیته‌ی لێکۆڵینەوە لە ناوەندی زانستیی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا بە ئاژانسی ئیسنای راگەیاند، ئێستا هۆکاری 40٪ی تووشبووانی کۆرۆنا، جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆنە و ژمارەی تووشبووانیش بە خێرایی لە زیاد بوونە.

بە گوتەی مەسعوود یوونسیان، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ دەستپێکردنی شەپۆلی شەشەمی تووشبوون بە کۆرۆنا و ئەگەر هەیە، هەفتەی داهاتوو جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن، ببێتە ڤایرۆسی زاڵ لە سەرانسەری ئێران.

بە گوتەی ئەم بەرپرسە ئێرانییە، پرۆسەی ڤاکسین کردنی هاووڵاتیان بەو جۆرە پێویستە نییە کە رێگا لە بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسەکە بگرێت، لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵک هێشتا ژەمی سێهەمیان وەرنەگرتووە، بەڵکوو ژەمی دووهەمیش بە گوێرەی پێویست نەبووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران زیاتر لە 72٪ی هاووڵاتیانی ئێران کە 90٪ی کەسانی سەرووی تەمەن 12 ساڵ لەخۆ دەگرێ ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە. 63٪ی هاووڵاتیان کە 80٪ی خەڵکی سەروو 12 ساڵ لە خۆ دەگرێ ژەمی دووهەمیان وەرگرتووە و تەنیا 18٪ی هاووڵاتیان واتا 18٪ی ئەو کەسانەی تەمەنیان زیاتر لە 12 ساڵە ژەمی سێهەمیان وەرگرتووە.

لە لایەکی دیکەوە مینوو موحرەز، ئەندامی کۆمیتەی زانستیی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆنا گوتی: "شەپۆلی شەشەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمجارەیان بە جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەستیپێکردووە و لە سێ تا چوار هەفتەی داهاتوودا دەگاتە ترۆپک.

مینوو جەختیشی کردووەتەوە، ئەگەر ژمارەی تووشبووان بە جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بەرز بێتەوە، بە هۆی ئەوەی زۆرینەی خەڵک ژەمی سێهەمی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، ئەگەری زۆر بوونی مردن بە جۆرە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا لە ئارادایە.