تەقینەوەی بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکووک نرخی نەوتی بەرز کردەوە
K24 - هەولێر
تەقینەوەی بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان، لە ناو خاکی تورکیا، پاڵنەرێکی دیکە بوو بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بۆ نزیکەی 90 دۆلار.
درەنگانی شەوی سێشەممە بۆری نەوتی کەرکووک - جەیهان تەقیەوە، بەهۆیەوە هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەرەکە پەکی کەوت.
لەو بارەیەوە کۆمپانیای بۆتاشی سەر بە حکومەتی تورکیا تایبەت بە هێڵی بۆری نەوتی کە بەگەڕخەری هێڵی گواستنەوەی نەوتییەکەیە رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەک ئاگر لە هێڵی بۆری کەرکووک – جەیهان، لە نزیک ناوچەی کەهرەمان ماراس لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کەوتووەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز، بە پشت بەستن بە راگەیەندراوی کۆمپانیای بۆتاش بڵاویکردووەتەوە، بە هەوڵی تیمی فریاگوزاری و ئاگر کوژێنەوە توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە نرخی نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ سەرووی 89 دۆلار بەرزبووەوە. نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش بۆ نزیکەی 87 دۆلار بەرزبووەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پێگەی رێڤێنێتیڤ ناوەندی هەناردەی نەوتی کوردستان لەرێگەی ئەم بۆڕیەوە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی مانگانە بووە لەنێوان مانگی تشرینی یەکەم تاوەکو مانگی کانوونی یەکەم، لە مانگی کانوونی دووەمەوە 5.2 ملیۆن بەرمیل هەناردەکراوە.
هەروەها لە داتاکان هاتووە، بارەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پاڵاوگەی وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست وەک کرواتیا و یۆنان و ئیتاڵیا و ئیسپانیا دەگوازێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دەست کوردستان24 کەوتووە، هێڵەکە تاوەکو خاکی تورکیا لە بۆرییەکی 36 ئینجی پێکهاتووە، کە بە دوو بۆری جیاواز نەوت دەگوازێتەوە، یەکێکیان نەوتی کوردستانە و ئەوەی دیکەشیان نەوتی کەرکووک بۆ خاکی تورکیا دەگوازێتەوە، لەنێو خاکی تورکیاوە هێڵەکە لە دوو بۆری دوو بۆری 40 ئنیجی و 46 ئینجی پێکهاتووە کە نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو بەندەری جەیهان دەگوازێتەوە. کە نزیکەی 85 تاوەکو 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەرکووک دەگوازێتەوە، هەروەها توانای هەناردەکردنی 400 تاوەکو 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانی هەیە.
لە راپۆرتێکی پێگەی مارکێت وۆتچ کە تایبەتە بە چاودێری مامەڵەکانی بازاڕ هاتووە، تەقینەوەی ئەو بۆرییە نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێک نرخی نەوتی سووکی تێکساس لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی شوبات بە رێژەی 0.66% بۆ 86.89 دۆلار بەرزبووەتەوە، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنتیش بە رێژەی 0.50% بۆ 89.04 دۆلار بەرزبووەتەوە.
سەرەڕای ئەو تەقینەوەیە، لە راپۆرتێکی ئاژانسی بلوومبێرگدا هاتووە، یەدەگی نەوتی وڵاتان بۆ کەمترین ئاستی مانگی تشرینی یەکەمی 2019 دابەزیوە، هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای ئۆمیکرۆن کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەکردووەتە سەر خواست بۆ نەوت و لە هەمان کاتدا، دروستبوونی کێشەی بەرهەمهێنان لە لیبیا و کازاخستا و هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا خستنەڕووی نەوتی کەمکردووەتەوە. بۆیە گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات نرخی نەوت لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ بۆ 100 دۆلار بەرزبێتەوە.