ئایا لەکی زارێکی زمانی کوردییە؟

Kurd24

لە بابەتەکەی پێشتردا بە ناونیشانی "ئایا چەند زمانەیی بوون کاریگەری لەسەر کەسایەتی هەیە؟"، بەمە کۆتایی هات کە چەند زمانەیی بوونی کورد بە هۆی دابەشکاری جوگرافییەوە لایەنی ئەرێنی فرە کەم و لایەنی نەرێنی زۆر زۆری هەبووە. ئەمە باس کرا کە بە فێربوونی و تێکەڵی تەک فەرهەنگ و زمانەکانی دراوسێ بۆی هەیە کاریگەری لە کرانەوەی خەڵکی کورد کردبێت لە ڕووی ئەوانی دیكه‌دا.

ئەمە بەس وەکو بیروڕا باس کرا و بۆ سەلماندنی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی هەیە. بەڵام بۆ ورد بوون لە لایەنی نەرێنی ئەنجامەکانی دابەشکاریی جوگرافی و دابڕانی زارەکانی کوردی، لەم بابەتەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەین کە: تا چ رادەیەک دابەشبوونی جوگرافی و کەوتنە ناو کیانێکی سیاسی کە دەسەڵات بە دەست زمانەکانی دیكه‌یه‌ توانیویەتی کاریگەری لەسەر زارەکانی کوردی بکات؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێداچوونەوەیەک بە توێژینەوەیەکی زمانەوانی دەکەین، کە سوداد رەسووڵ لە گۆڤاری شنروێ بڵاوی کردووەتەوە بە ناونیشانی "لەکی زارێکی زمانی کوردییە".

سوداد رەسووڵ لەم توێژینەوە هەوڵ دەدات، پێگەی لەکی وەکو زارێکی زمانی کوردی هەڵبسەنگێنێت لە ناو دوو پێکهاتە یان دیالێکتی دیكه‌ی زمانی کوردی، کە دەبنە کەلهوڕی و لوڕی. بابەتەکە بە چەند پێوەری زمانەوانی و کۆمەڵایەتی دەسەلمێنێت، لەکی زارێکی زمانی کوردییە، کە هەڕەشە و گوڕەشەی ئەسیمیلەبوونی لەسەر بووە لەلایەن دەسەڵاتدارانی رژێمەکانی پێشووی ئێران تاوەکو ئێستە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستەڵاتی بە دەستە.

بابەتەکە لەسەرەتاوە لە ڕووی مێژووییەوە باسی ئەو جوگرافیا دەکات کە لەک تێیدا ژیاوە. پێکهاتەی لەک نزیک و تێکەڵ بە عەشیرەتەکانی لوڕ و کەلهوڕ بووە، کە بە درێژایی مێژوودا ئەم ناوچە ناوی جۆراوجۆری بۆ بە کارهاتووە. کاتێک کە ئیسلام دێت بەرەو ئێرانەوە، کوردانی ئەم ناوچەیە دەکرێن بە موسوڵمانی سوننی، بەڵام لە سەدەی 10ی زایینییەوە بە هۆی فەرمانڕەوایی شیعەکانەوە وردە وردە لێیان دەکرێن بە شیعە. لەم مێژووەدا ئەوانەش کە یارسان، ئەهلی حەق یان زەردەشتی بوون، لەبەر زرووفی ژیان و گوشار ناچار کراون کە ببنە شیعە و ئەم پرۆسەیە تا ئەمڕۆ هەر بەردەوامە. هەر ئەم ناسنامەی بەشیعە بوونە کە ناسنامەی نەتەوەیی لاواز دەکات، کاریگەری هەبووە لە تێکەڵی ئەم زارە کوردییانە تەک زمانی فارسی.

بابەتەک زانیاری دەدات کە خەڵکی لەکی ئەمڕۆ لە نێو ئوستانەکانی ئیلام و کرماشان و لوڕستان و هەمەدان دەژین. هەروەها زاری لەکی لەڕووی دەنگسازی و وشەسازییەوە لە کەلهوڕی و لوڕی جیاوازی هەیە، بەڵام ئەگەر زمانی کوردی وەکو زنجیرەیەک لە دیالێکتەکان سەیر بکرێت، لەکی دەکەوێتە بەینی کەلهوڕی و لوڕی. لەکی چەند بنزاری وەکو کوودەشتی و هەرسینی و ئەڵشتەری هەیە. هەروەها توێژینەوەکە باسی ئەوەش دەکات، کە لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتناسەکان هەرهەموویان لەکی بە زارێکی زمانی کوردی دەناسێنن. وەکو بەڵگەش بابەتەکە چەند دەقی ئەدەبی زارەکی فولکلۆری بە لەکی دەهێنێت و نزیکی بە زارەکانی دیكه‌ی کوردی پیشان دەدات.

ئەوەی کە بابەتەکە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە باسی دوو جۆری پرۆسەی ئەسیمیلەکردن بۆ خوێنەر دەورووژێنێت. یەکەم ئەسیمیلەکردن بە شێوەی کۆن، کە بۆ نموونە لە قۆناغە جیاوازەکاندا خەڵکی لەک بەرەو ناوچەکانی دیكه‌ی ئێران نێردراون یان بە زۆر راگوێزراون. بابەتەکە باس لەوەش دەکات لە دەشتی هەولێرش خەڵکی لەک هەیە. ئەم جۆرە سیاسەتەی دەرکردنی خەڵکی کورد لە زێدی خۆیان، لە بەرانبەردا دەبێتە هۆی جووڵاندنی ئاخێوەرانی زمانی فارسی و ئەوانی دیكه‌ بۆ ناو خاک و خەڵکی کورد. ئەم سیاسەتە لە کۆنەوە هەبووە و تاوەکو ئێستەش لە ناوچە کوردییەکان پیادە دەکرێت. خەڵکی زۆر لە زار و زمانەکانی دیكه‌ی ئێران بە هۆ یان بیانووی کاروباری ئیداری و حکومی و سەربازییەوە هێندراون بۆ ناوچە کوردییەکان.

ئەسیمیلەبوون بە شێوەی نوێ: لە سەردەمی رەزا شای پەهلەوی، کە سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەی ئێران بووە، فارسییان بە یاسا بە زمانی حکومەت و وڵات ناساندووە و ئەوانی دیكه‌یان بە شەڕ و ئاشتی بێت ملکەچی دەستەڵاتی ناوەندی کردووە. پاش ئەوەی کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، هەر ئەو بەرنامەی رژێمەکانی پێشتری گرتووەتەبەر. لە دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران فارسی بە زمانی وڵات ناسێنراوە و زمانی عەرەبی بە زمانی دووهەمی پەروەردە ناوی لێبراوە و ئیتر ناوی هیچ زار و زمانێکی دیكه‌ ناونابرێت. تەنیا ئەوەش نەبووە کە ناویان نەبرابێت و پەراوێز و پشتگوێ خراون، بەڵکو جۆری نوێی سیاسەتی ئەسیمیلەکردنیان گرتووەتەبەر لە ئاستیان، کە یەکێک لەمانە دەبێتە یاسایی کردن یان ناساندنی زارەکان وەکو زمانێکی سەربەخۆ. بۆ ئەمە بابەتەکە باسی لوڕەکان دەکات. بەپێی بەڵگە و پێوەرە زمانەوانییەکان لوڕەکان بە رەچەڵەک کوردن و لوڕی زارێکی کوردییە. بەڵام ئێستە لوڕەکان ئیتر خۆیان بە کورد و لوڕی بە کوردی نازانن. رژێمەکانی ئێران لە قۆناغی یەکەمدا کاریان کردووە کە ناسنامەی کوردی لوڕەکان لاواز بکرێت. لە قۆناغی دووەم، کاریان لەسەر لوڕەکان کردووە کە بە ئێرانی بیانناسێنن. لە کۆتا قوناغیشدا زارە کوردییەکەیان بە زمانێکی سەربەخۆ ناساندووە بۆ ئەوەی ئیتر کوردی و کورد بوونیان لەسەر لابچێت.

بە هەمان شێوە و وەکو لوڕی، ئەو سیاسەتەیان بەرانبەر بە لەکی پیادە کردووە. لە ساڵی 2017 رێکخراوی میراتی فەرهەنگی ئێران، لەکی وەکو زمانێکی سەربەخۆ لە ئێران ناساندووە و دەست و پشتی هەندێک نووسەریان گرتووە، کە بڵێن و بنووسن ئێمە لەکین و کورد نین و ڕێ و ڕێنووسی ئێمە لە کورد و بنەماڵەی کوردەوە جیایە. باش وایە بوترێت کە ئەگەر زمانێک بە فەرمی بناسرێت دەبێت بە یاسا  و دەستوور بناسرێت نەک لە لایەن میراتی فەرهەنگی ئێران. میراتی فەرهەنگی بە کوردی دەبێتە کەلەپووری فەرهەنگی. یەعنی شتێک کە لە کۆنەوە بووە و ئێستە شتانێکی لێ ماوە. ئەم میراتە دەیناسێنن بۆ ئەوەی کە وەکو سیمبول هەڵبگیردرێت. وەکو ئاسەواری مێژوویی و گۆزە و پەیکەری شکاو و شتی وا. مەبەستی میراتی فەرهەنگی ئەوە نییە کە پلە و پێگەی کارا بدات بە لەکی. ئەگەر مەبەستییان ئەمەیە با یارمەتی بدرێن و تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و بڵاوکراوەی خۆیان بە لەکی دابنێ. کە شتی وا مەحاڵە لە کۆماری ئیسلامی بوەشێتەوە.

لە کۆتاییدا، لە کۆنەوە تا ئێستە فەرمانڕەوای زۆر لە ئێران هاتوون و چوون و زۆربەیان شیعە بوون و بە فارسی قسەیان کردووە. بە سیاسەت و شێوەی ئەسیمیلەکردنی کۆن و نوێ کاریگەریی زۆریان لە کورد کردووە بەڵام نەیانتوانیوە بە تەواوی فەرهەنگ و ڕەچەڵەکی کوردی ئەم خەڵکە لە بنەچەوە دەربێنن و بیانتوێننەوە. ڕژێمەکانی یەک بە دوای یەکی ئێران کە هەر هەموویان دژ و دوژمنی یەک بوون، بەڵام خاڵی هاوبەشیان ئەوە بووە کە سیاسەتیان بەرانبەر بە کورد یەک شت بووە. وتەیەک لە لای زمانناسەکان هەیە کە دەڵێت زمانێک سەربازی لەگەڵ بوو ئەوە زاڵ دەبێت. خەڵکی کورد و زارەکانی کوردیش بە هۆی ئەوەی کە سەربازیان لە پشت نەبووە ئاوەها بێکەسکوژ دەکرێن. لە کەیسی کەنیشکێکی کورد بە ناوی زارا موحەممەدی، کاری تەنیا ئەوە بووە کە زمانی کوردی بە منداڵانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتووەتەوە. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران ئازاری دەدەن و زیندانی دەکەن. لێرە ئیتر باسی زانست و بەڵگەی زانستی نییە، بەڵکو ئەوەی کە زۆر و بازووی هەبوو، بەهەر شێوەیەک بێت هەر خۆی زاڵ دەکات. ڕژێمەکان بە شێوەیەکی بەردەوام سیاسەتەکانی خۆیان فەرز دەکەن و مێژوو دروست دەکەن. کاتێک کە مێژوویان دروست کرد، دەیکەن بە بابەتی زانستی و کەڵکی لێوەردەگرن. یەعنی سیاسەت دیسان هەژموونی بەسەر زانستیشەوە هەیە. دین و سیاسەت دوو بواری باوەڕی و هزری بوون کە ڕژێمەکانی ئێران  بۆ قازانجی بەرنامەکانی خۆیان کاریان لەسەری کردووە و کەڵکیان لێوەرگرتووە. بەڵام خۆ ئەگەر دوژمنانی کورد خاکی کورد بکەن بە خاکی خۆیان و دووبەرەکی لە نێوان خەڵکیان دروست بکەن و ئاژاوەیان تێیدا بەردەن، زۆریان ماوە کە تەواوی بەڵگە و شوێنەوارەکانی کورد تێک بدەن. شاری 'شهرکرد' بە مانای شاری کورد، ناوەندی ئوستانی 'چهارمحال و بختیاری' یە، کە لە خوارەوەی ئوستانی لوڕستان و هاوسنووری ئوستانی خوزستانە. ئایا پرسیار دەکرێت ئەمە بۆ ناوی شاری کوردە؟

 

ڕوونکردنەوەکان و سەرچاوەکان

1- سوداد ڕەسووڵ لێکۆڵەر و مامۆستای زارە کوردییەکانە لە زانکۆی سۆران.

2- تکایە بۆ خوێندنی بابەتەکەی سوداد ڕەسووڵ سەیری ئەم لینکە بکە. له‌کی زارێکی زمانی کوردییه (yaresan.com)