شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین بەڕێوەیە

"پلەی گەرما لە سەنتەر هەندێک شار دەگاتە نزیکەی 10 پلە ژێر سفر"
بەفربارین - فۆتۆ: رەهەند محەمەد
بەفربارین - فۆتۆ: رەهەند محەمەد

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئەمشەویش پلەی گەرما زیاتر دادەبەزێت بەجۆرێک لە سەنتەری هەندێک شار دەگاتە نزیکەی 10 پلەی ژێر سفر.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرەی ئەو نەخشانەی لەبەر دەستن، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی دیکەی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە ناو سەنتەری شارەکان باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبێت".

سەبارەت بەو بارستە هەوا ساردەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە، گوتی: "ئەمڕۆ شەپۆلی بەفربارین کۆتایی دێت، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو پلەی گەرما زیاتر داببەزێت و لە بەشێکی زۆری سەنتەری شارەکان پلەی گەرمی ژێر سفر تۆمار دەکرێت، رۆژی یەکشەممەی کاریگەری ئەم بارستە هەوا ساردە لاواز دەبێت و پلەی گەرما روو لە بەرزبوونەوە دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد: "تائێستا نزمترین پلەی گەرمی لە هەرێمی کوردستان لە پێنجوێن تۆمار کراوە کە 19 پلە ژێر سفر بوو، هەروەها لە حاجی ئۆمەران 14 پلە ژێر سفر تۆمار کراوە".

راشیگەیاند: "پێشبینی دەکرێت ئەمشە لە سەنتەری شاری دهۆک نزمترین پلەی گەرما بگاتە 4 پلە ژێر سفر و هەولێر 2 پلە ژێر سفر، لە سلێمانیش پێشبینی دەکرێت 8 پلە ژێر سفر تۆمار بکرێت و هەڵەبجەش دەگاتە نزیکەی 10 پلە ژێر سفر، بێگومان لە ناوچە شاخاوییەکان بە دابەزینی پلەی گەرما بە رێژەیەکی زۆر زیاتر دەبێت".

لەبارەی رەوینەوەی نیشانەکانی وشکەساڵی، فازڵ ئیبراهیم، ئەوەی خستەڕوو: "رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو دڵخۆشکەرن، دەتوانین بڵێین ئەمساڵ ئەگەرەکانی وشکەساڵی رەوینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا وەرزی بارانبارین ماوە ".

راشیگەیاند: "نەخشەکان دڵخۆشکەرن و کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتووش شەپۆلی دیکەی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".