ئینستاگرام سیستەمی بەشداربوون بەپارە تاقیدەکاتەوە

بەشداربووان بەرامبەر بڕێک پارە بابەتی جیاواز و ناوەزە دەبینن
ئینستاگرام
ئینستاگرام

K24 - هەولێر:

تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، سیستەمێکی نوێ تاقیدەکاتەوە، کە بەشداربوون تێیدا بە پارەیە و چەند بابەتێکی جیاوازی تێدا بڵاودەکرێتەوە.

مارک زوکربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەیسبووک و هاودامەزرێنەری گەورە کۆمپانیای مێتا رایگەیاند، سیستمێکی نوێی بەشداریکردن بە پارە لە ئینستاگرام تاقیدەکرێتەوە و تێیدا کۆمەڵێک بابەتی جیاواز بۆ ئەو کەسانە بەردەست دەبێت کە بەشداری پرۆگرامەکە دەکەن.

تاقیکردەنەوەکە لە ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت و بابەتەکان (چیرۆک، وێنە، ڤیدیۆ) تەنها بۆ ئەوکەسانە دەبێت کە بە بڕێک پارە بەشداری سیستمەکەیان کردووە، بڕی پارەکەش لە 99 سەنتەوە بۆ 99 دۆلارە و بەپێی بڕی پارەکە بابەتەکان بەردەست دەبن.

بابەتەکان لەلایەن 10 کەسایەتی ناو ئینستاگرامەوە دروست دەکرێن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوبانگێکی زۆریان هەیە، بڕی پارەکەش راستەوخۆ بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە بابەتەکانیان بڵاوکردۆتەوە.

بەگوێرەی زانیاریەکان، ئینستاگرام تا ساڵی 2023 نیازی نییە هیچ قازانجێکی ماددی لەم سیستەمە نوێیە بکات.

H.H