به هۆی تێوهگلانیان له هاندان بۆ كۆچی نایاسایی فهیسبووك سزای سیروان بابان و رهنجدهر پشدهری دا
K24 – ههولێر:
به هۆی تێوهگلان و هاندان بۆ كۆچی نایاسایی و بڵاوكردنهوهی ههواڵی ههڵبهستراو له بارهی كۆچهوه، كۆمپانیای مێتا سزای ههریهك له پهرلهمانتار سیروان بابان و چالاكی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، رهنجدهر پشدهری دا و پهیجهكانی داخستن.
ههریهك له سیروان بابان و رهنجدهر پشدهری له رێی پهیجهكانیانهوه زانیاری چهواشهكارانه و ههڵبهستراویان له بارهی كۆچهوه بڵاوكردووهتهوه و گهنجانیان هانداوه رێگهی بێلاڕووس بهكار بهێنن بۆ گهیشتن به ئهوروپا و بهناوی بهرپرسانی ئهڵمانیاوه زانیاری ههڵبهستراویان بڵاوكردووهتهوه.
لهو بارهیهوه، وتەبێژێکی فەیسبووک لە واشنتن کە نەیویست ناوی بهێنرێت بۆ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاندووه، "مێتا بڕیاریداوە، کە هەردوو پەیجەکە پێشێلی یاساکانی ئێمەیان کردووە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، و داخراون لە ژێر سایەی پێوەرە کۆمەڵایەتیـیەکانی مێتا دژ بە توندوتیژی و هاندان".
به گوێرهی راپۆرتێكی رۆژنامهوانی، دەنگی ئەمەریکا لە لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاری بۆی دەرکەوتووه چەند کەسێک لە ناوهڕاستی مانگی یازدەی 2021 لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵەوە کە گوایە "یەکێتی ئەوروپا سنوور بۆ پەنابەران دەکاتەوە"، بوونە هۆی دروستکردنی ' لێشاوێکی' گەورەی پەنابەران لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووس کە سەرەنجام بە توندوتیژی کۆتایی هات.
ڕەنج مستەفا ئەحمەد، یەکێک لە بڵاوکەرەوە سەرەکیەکانی بانگەشەکە، ڕۆژی 13ی مانگی یازدەی 2021 لە پەخشێکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەیسبووک بە ناوی "هەواڵی خۆشم پێیە" مژدەی ئەوەی بە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس دا کە حکومەتی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە لە چەند رۆژێکی دیاریکراو سنوورەکانی پۆڵەندا بکەنەوە.
سێ رۆژ دواتر، ڕەنج لە پەخشێکی تر بە ناوی 'دانی پێدادەنێم شکستمان ھێنا' وردەکاری ئەم بانگەشەیەی بەم شێوەیە باسکرد: "من لێتان نەشارمەوە ڕێکخەری ئەو لێشاوە بووم... ڕۆژی هەینی (12ـی یازدەی 2021) ئێمە لەگەڵ نوێنەرەکانی پەنابەران دانیشتین، وە لە کاتی گفتوگۆکانمان بینیمان کە پۆلیسی بێلاڕووس گەنجێکی زۆریان دەبرد و لێیان دەدان و ئازاریان دەدان.... هیچ دەرفەتێکی تێدا نەبوو دەبوو ئەو خەڵکە هانبدرێت بۆ ئەوەی سیمەکە ببڕدرێت بۆ ئەوەی کوردەکان، ئەو گەنجانەی لەوێن، وەکو تاوانبار ئەشکەنجە بدرێن... وتیان ڕەنجە تۆ پەیجێکت هەیە، وەکو رێکخەری لێشاوەکە پۆستێک بکە بڵێ کە ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە وەردەگرێت. دووبارە یەکشەممەش هەمان پۆست بکەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە پشتسارد نەبێتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری دروستکردنی بانگەشەکە، رەنج رایگەیاندووه، کە ئەو لەگەڵ 'نوێنەرانی پەنابەران' پێشبینیان دەکرد کە بارودۆخی سەختی پەنابەران، بە تایبەتی منداڵ و ژن و بە تەمەن، لە هەمان کاتدا سەرنجی میدیا جیهانییەکان ببێتە هۆی ناچارکردنی یەکێتی ئەوروپا بە کردنەوەی سنوورەکانی. ئەو ئاماژەی دا کە هێزە سنووریـیەکانی بێلاڕووس هاوکاری پلانەکە بوون لە رێگەی کردنەوەی خاڵە سنووریـیەکانیان و بەڵێنیان دا کە یارمەتی پەنابەران بدەن بە پچڕاندنی بەربەستە تەلەکانی پۆڵەندا".
سەرئەنجام لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی 2021 نزیکی 5 هەزار پەنابەر کە زۆربەیان کورد بوون بەرەو سنووری پۆڵەندا رۆیشتن، بەڵام پێچەوانەی پێشبینیەکەی رەنج، هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا سووربوون لەسەر پاراستنی سنوورەکانیان هەتا 16 ی ئەو مانگە توندوتیژی دروست بوو، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆڵەندا ئاو و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ رێگری لە بڕینی تەلەکان و لە وەڵامدا پەنابەران بە بەرد و دار ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەوە. پۆلیسی پۆڵەندا رایگەیاند کە 7 لە ئەندامانی برینداربوون بەهۆی پێکانیان لە لایەن پەنابەرانەوە.
ئەو دوای لێکەوتەکانی بانگەشە هەڵبەستراوەکە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. سەدان هاووڵاتی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەویان تۆمەتباردەکرد بە هۆکاری ئازارگەیاندن بە پەنابەران.
رەنج تەنیا کەسێک نیـیە کە بانگەشەی وەرگرتنی پەنابەرانی لەلایەن ئەوروپاوە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، گەنجێکی تری کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بە ناوی کاروان رەواندزی بە هەمان شێوە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان برەوی بەو دەنگۆیانە داوە کە بە فەرمی لە لایەن دەستەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا رەتکراونەتەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە، کۆمپانیای فەیسبوک بەهۆی ئەم بانگەشانە پەیجی گەنجەکەی داخستووە.
سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکان بەردەوام ئاماژەی دەدا بە "هەواڵی خۆش" تایبەت بە وەرگرتنی کۆچبەران لەلایەن ئەڵمانیاوە.
لە چاوپێکەوتنێکی راستەوخۆ لەگەڵ تەلەڤزیۆنێكی كوردیی لە رێکەوتی 8 ی مانگی یازدە، سیروان بابان بە گریانەوە خۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، "ئێستا نامەیەکم بۆ هات کە یەکێتی ئەوروپا داوای لە پۆڵەندا کردووە کە لەو دوو رۆژەدا دەبێت هەموو ئەو پەنابەرانەی لەوێن لەو تراژیدیایە رزگاریان بێت و بچنە ئەوروپا و تەواو."
بابان لە رێگەی فەیسبوکەوە چەندین بابەتی بڵاوکردووهتەوە کە جەخت لەسەر بانگەشەکە دەکەنەوە و لە هەمان کاتدا تۆماری دەنگی و ڤیدیۆی ئەو کەسانەی بڵاوکردووهتەوە کە گوایە پەنابەرن و سوپاسی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە دەکەن بۆ هەوڵیان لە کردنەوەی سنوورەکانی ئەوروپا. لە یەکێک لە ڤیدیۆکان، منداڵێکی بچوک بە ناوی سایە دەردەکەوێت کە گوایە لە دارستانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندایە و دەڵێت، "کاک سیروان بابانی ئەندام پەرلەمان، زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو هەواڵە خۆشە.... دێم لە ئەڵمانیا ئەتبینمەوە."
سیروان بابان پێشتر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردی بوو لە پەرلەمانی کوردستان. 8 ی مانگی دوازدە لە لایەن پەرلەمانەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو لە ئەندامێتی لیژنەکە پەسەندکرا.
لیژنەکە پێشتر و لە 2021/11/10 لە راگەیەندراوێکیدا سیروان بابانی بەوە تۆمەتبارد کە "بێگوێدان بە هەست و سۆزی کەسوکاری پەنابەران و دوور لە ئیتیکی پەرلەمانتاری هەواڵێکی دوور لە ڕاستی بڵاوکردەوە." لیژنەکە رایگەیاند، "وێڕای رەتکردنەوەی ئەو لێدوانەی سیروان بابان کە دوور و نزیک گوزارشت لە رای لیژنەکە و پەرلەمان ناکات، پێشمانوایە ئەم هەواڵە بە شێوەیەکی خراپ هانی گەنجان دەدات کە رێگەی هاتونەهات بگرنەبەر و تووشی نەهامەتی و مەرگەسات بن".
رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەکە، لە لێدوانێک دا بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند، کە سیروان بابان لە ژێر گوشاری رێوشوێنە پەرلەمانییەکان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراوە لە لیژنەکە. دەستەلەکار کێشانەوەکە، بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە بۆ ئەوەیە کە "ببێتە پەند بۆ هەر پەرلەمانتارێک هەواڵی ناڕاست بڵاوبکاتەوە و خەڵکێک تووشی ئازار بکات."
ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "من وەکو سەرۆکی ئەو لیژنەیە، کەسوکاری هەندێک لەو گەنجانەی کە نیازیان هەبوو بچن بۆ بێلاڕووس، دوای ئەوەی کە ئەو هەواڵە نادروستەیان پێگەیشت و هاندران، پەیوەندیان پێوەکردم و گوتیان، 'ئەرێ باشە ئێوە لەبری ئەوەی هۆکاری چاکە بن بۆ گەنجانی ئێمە و باوەڕیان پێبهێنن کە بێلاڕووس بریتییە لە مەرگەسات، پەرلەمانتار و ئەندامێکی لیژنەی ئێوە بە ناوی سیروان بابان گەنجەکانی ئێمە هاندەدات.'"
هێرش سەعید ئەحمەد دانیشتوی سلێمانییە و یەکێكە لە کوردەکان کە هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵە چوار ساڵەکەی لە بێلاڕووس ماوەتەوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، " کاروان رەواندزی ئێمەی هەڵخەڵەتاند و لە خشتەی بردین بەوەی وتی دوای لێشاو بکەون. ئێمەش کە چوین هیچ ئەنجامێکی نەبوو جگە لە قوڕبەسەری و ماڵوێرانی بۆ ئەو خەڵکە رەشوڕووتە.
ئەو رایگەیاند، "بارودۆخمان دوای لێشاوەکە خراپتر و خراپتر و خراپتر بووە. وەرگرتنمان لە لایەن ئەڵمانیاوە لە لایەن فەیسبوک و درۆ و دەلەسەی ئەم و ئەو بوو ئەگینا هیچ ڕاستیەکی تێدا نەبوو."
سهرچاوه: دهنگی ئهمهریكا