ئاهەنگی هاوسەرگیری لە مێتاڤێرس

"تێچووی ئاهەنگەکە 10 هەزار دۆلار زیاترە"
ئاهەنگی هاوسەرگیری لە مێتاڤێرس
ئاهەنگی هاوسەرگیری لە مێتاڤێرس

K24 - هەولێر:

بووک و زاوایەک لە هیندستان لە جیهانی مێتاڤێرس ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان دەگێڕن.

بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "Deutsche Welle"، بۆ یەکەمجار بووک و زاوایەک لە هیندستان ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیان دەبەنە جیهانی مێتاڤێرس و کەرەکتەری باوکی کۆچکردووی زاواکەش بەشداری ئاهەنگەکە دەکات.  

زاواکە تەمەنی 24 ساڵە و ناوی "دینیش سیفاکومار بادمافاسی"ـیە"، ئەو  لەبارەی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیانەوە گوتی: "هەندێک کەس دەناسم کە بە ئۆنلاین لە رێگەی بەرنامەی زوومەوە هاوسەرگیرییان کردووە، بەڵام من ویستم ئەوەش تێپەڕێنم و ببمە یەکەم کەس کە لە هیندستان لە مێتاڤێرسا هاوسەرگیری دەکات. هەروەها دەمەوێت مێتاڤێرس بە گەلەکەم بناسێنم".

مێتاڤێرس  جیهانێکی خەیاڵی سێ دووریە و ئەو کەسانەی دەچنە ناوی دەتوانن ئەزموونی نوێ تاقیبکەنەوە و لەسەر شاشەی کۆمپیتەرێکی ئاسایی یان ئامێرێکی VR تەماشای چالاکیەکانیان بکەن.

دینیش سیفاکومار و دەزگیرانەکەی
دینیش سیفاکومار و جانەگاندەهینی ڕامسوامی

بووک و زاواکە بیریان لەوە کردۆتەوە کە باوکی کۆچکردووی زاواکەش لە ئاهەنگەکە بەشداری پێبکەن، بۆیە کارەکتەری باوکی زاواکەیان دروست کردوەتەوە و لەجێگەی باوکی لە ئاهەنگەکەدا بەشدار دەبێت.

ئاهەنگەکە لە رێکەوتی 6ـی شوباتی 2022 بەڕێوەدەچێت و ناو ئاهەنگەکە هاوشیوەی زنجیرە فیلمی "هاری پۆتەر" دەبێت، تێچووی ئاهەنگەکە زیاتر لە 10 هەزار دۆلار.

لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، رێکارەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە لەلایەن حکومەتەکانەوە هەتا دێت توندتر دەبن و بەشێکی زۆری بۆنە و ئاهنەگە کۆمەڵایەتی و گشتییەکان بەبۆنەی رێکارەکانەوە ئەنجام نادرێن، بۆیە خەڵکی پەنا بۆ رێگەی جیاواز دەبەن، تا بۆنە و ئاهەنگ و مەراسیمە تایبەتەکانیان ئەنجام بدەن.  

H.H