نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بڕیارێكی دژی نكوڵیكردن له هۆڵۆكۆست ده‌ركرد
K24 – هه‌ولێر:
كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، بڕیارێكی ناپابه‌ندكاری ده‌ركرد، به گوێره‌ی بڕیاره‌كه ده‌بێت هه‌مووان رووبه‌ڕووی نكۆڵی‌كردن له هۆڵۆكۆست ببنه‌وه.
پێنجشه‌ممه (20ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2022)|، له‌سه‌ر پێشنیازی ئیسرائیل و ئه‌ڵمانیا، پڕۆژه بڕیاره‌كه په‌سند كرا و 114 وڵات له كۆی 193 وڵاتی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌نگیان پێدا.
ئیسرائیل، ده‌ڵێت: هێشتا له جیهاندا ده‌نگی دژ به هۆڵۆكۆست به‌رزه و پێویسته رێگری لێبكرێت.
به گوێره‌ی بڕیاره‌كه، داوا كراوه وڵاتان دژی هه‌ر هه‌وڵێك بوه‌ستنه‌وه، كه نكوڵی له هۆڵۆكۆست بكات و دژایه‌تی ره‌گه‌زی سامی بكات به تایبه‌تی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
كۆماری ئیسلامی ئێران به ره‌سمی نه‌یارێتی خۆی بۆ پڕۆژه بڕیاره‌كه راگه‌یاندووه.
له بڕیاره‌كه‌دا هاتووه: هه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كی گشتیی یان به‌شه‌كی بۆ مێژووی سوتاندنی جووه‌كان، پێویسته به بێ هیچ جۆره پێ پارێزییه‌ك ئیدانه بكرێت.
هه‌روه‌ها هاتووه: هانی هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی ده‌ده‌ین، هه‌ر جۆره نكوڵیكردن و شێواندنێكی مێژوویی هۆڵۆكۆست به بێ هیچ پێبارێزییه‌ك ئیدانه بكه‌ن.
ئیسرائیل ده‌ڵێت له سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا، له 1939 تا 1945، نازییه‌كان شه‌ش ملیۆن جوویان له ئه‌وروپا كۆمه‌ڵكوژ كردووه.
هه‌ر به گوێره‌ی بڕیاره‌كه، پێویسته وڵاتان ئه‌و سه‌ربازگه و شوێنانه بپارێزن، كه نازییه‌كان بۆ كوشتنی جووه‌كان به‌كاریان هێناون.
بڕیاره‌كه داوایشی له وڵاتانی ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه، پرۆگرامی خوێندنیان بگۆڕن و له مێشكی نه‌وه‌كانی داهاتوودا وانه‌ی تایبه‌ت بۆ هۆڵۆكۆست بچێنن بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له دووباره بوونه‌وه‌ی بگیرێت.
هه‌روه‌ها داوایشی له كۆمپانیاكانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كردووه، رێكاری پێویست بگرنه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رێگه به دژایه‌تی سامی و شێواندنی مێژووی هۆڵۆكۆست نه‌درێت.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس