نێچیرڤان بارزانی: هێشتا داعش مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات

"جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌كه‌ینه‌وه‌"
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، كاره‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی ناوچه‌ی عوزێم سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ بووه‌ هۆی شه‌هیدبوونی ژماره‌یه‌ك سه‌رباز.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی (21ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2022) له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر نووسیویه‌تی: "هێشتا داعش مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات".

نێچیرڤان بارزانی له‌ تویته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ته‌واوی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆ له‌ناوبردنی داعش.

له‌باره‌ی قوربانیانی په‌لاماره‌كه‌ی داعش راشیگه‌یاند، خوای گه‌وره‌ شه‌هیدان بخاته‌به‌ر میهره‌بانی خۆی و ئارامی و سه‌بووریش به‌ خێزان و كه‌سوكاریان ببه‌خشێت.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ رۆژئاوای ناحییه‌ی عوزێم له‌ نێوان گوندی (تاڵعه‌ و ئووم كه‌رامی) سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌، داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر فه‌وجی یه‌كی لیوای دووی سه‌ر به‌ سوپای عێراق و 11 سه‌رباز و پله‌دارێك بوونه‌ قوربانی.