حکومەت سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی داهاتی سەرجەم دەروازەکان

نەگەڕاندنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەکات
دەروازەی سنووری
دەروازەی سنووری

K24 - هەولێر

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوورە لەسەر گەڕاندنەوەی داهاتی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بۆ خەزێنەی حکومەت و بەکارهێنانی بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، لە هەوڵەکانیشی بەردەوامە بۆ نەهێشتنی دیاردەی قاچاغی لە دەروازەکان، هەر بۆیەشە بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی كاروباری دەروازە سنوورییەكان، تەوەرێكی گرنگی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بوو.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تا ئێستا ھەندێك لە دەروازە سنوورییەكان، بوونەتە ھۆی زیان گەیاندن بە ھەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە رووی كۆكردنەوەی داھات و نەگەڕانەوەیان بۆ گەنجینەكانی وەزارەتی دارایی.

محەمەد ئێلخانی، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەروازە سنوورییەکان دووەمین سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستانن، بۆیە دەبێ گرنگی تایبەت بەو پرسە بدرێت، بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە پێویستە حکومەتی هەرێم رێنمایی نوێ دەربکات، هەموو داهاتەکان بەشێوەیەکی مەرکەزی کۆبکرێنەوە".

گوتیشی: "بۆ ئەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بەباشی کۆبکرێتەوە، پێویستە دەستەیەکی تایبەت بۆ خاڵە سنوورییەکان دروست بکرێت کە راستەوخۆ سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بێت و سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی بکات، بۆ ئەوەی هەم کۆکردنەوەی داهات بەشێوازێکی مەرکەزی بێت، هەمیش گرفتی دەروازە سنوورییەکان کۆتایی بێت".

هاوکات لەگەڵ سووربوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر گەڕاندنەوەی داهاتە سنوورییەکان بۆ خەزێنەی گشتی و بەکارهێنانی بۆ خزمەتی هاووڵاتییان، لە هەوڵەکانیشی بەردەوامە بۆ نەهێشتنی دیاردەی قاچاغی لە دەروازە سنوورییەکان.

نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: "ئەگەر بمانەوێت حکومەتێکی چالاکمان هەبێت، دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتگیری حکومەت و سەرۆکی حکومەت بکەن، بەتایبەتی لە پرسی رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی حکومەت، هەروەها رێگریکردن لە قاچاغچێتی لە دەروازەکان".

نەگەڕانەوەی بەشێکی داهاتی دەروازە سنوورییەکان، بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی، هەندێک جار گرفت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و دەبێتە هۆی دواخستن دابەشکردنی مووچە.