وەزارەتی پێشمەرگە: هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پەلامارەکانی داعشی کەمکردووە

"کارەکانی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش تەواو بووە و چەند رێکارێکی ئیداری ماوە"
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند، بەهۆی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، پەلامارەکانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە کەمیکردووە.

عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردستان24ی گوت: "هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی باش، دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە چەند ناوچەیەکی ئەمنی، داعش جوڵە و چالاکی کەمتر بووە، هەروەها هۆکارێکی دیکە کەشوهەوایە، بێگومان داعش ماوە و ئێمە بە هاوکاری سوپای عێراق خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە".

لە بارەی پێکهێنانی دوو لیوا هاوبەشەکە، گوتی: "کارەکانی پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە تەواو بووە، چەند رێکارێکی ئیداری ماوە، دوای ئەم رێکارانە دەچنە بنکەکانی مەشقەوە دوای کۆتایی هاتن بە مەشقەکانیان دواتر لە ناوچە جیاجیاکان دابەشدەکرێن کە تێدا جێگیر دەبن".

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا: "هاوپەیمانان رەزامەندیان پێشانداوە بە دابینکردنی چەند درۆنێک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی حکومەتی عێراق وەرنەگیراوە، چونکە هەر چەکێک بۆ پێشمەرگە دابین بکرێت پێوستی بە رەزامەندی حکومەتی عێراقە، چاوەڕێ دەکەین لەم نزیکانە حکومەتی عێراقیش رەزامەندی بدات".