پارێزگاری هه‌ولێر: هه‌ندێك گۆڕانكاری ئیداری هۆكاره‌كه‌ی كه‌مته‌رخه‌می بووه‌

"دوای گۆڕانكاری شاره‌وانییه‌كان، له‌ هه‌ندێك قائیمقامیه‌ت و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ش گۆڕانكاری ده‌كرێت"
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرای كرد، گۆڕنكارییه‌ ئیدارییه‌كان به‌شێكیان په‌یوه‌ندی به‌ كه‌مته‌رخه‌می لافاوه‌كه‌ی شاری هه‌ولێره‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌یان كاری باشیان كردووه‌ و له‌ جێگه‌ی دیكه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن.

ئومێد خۆشناو گوتی، له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كان راگه‌یه‌ندرا، كه‌ ئه‌وه‌ كارێكی ئاسایی و یاساییه‌، ده‌كرێت له‌ هه‌موو كاتێكدا ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ئیدارییانه‌ ئه‌نجام بدرێت.

گوتیشی: ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ئێستا ئه‌نجام دراون، به‌شێكیان په‌یوه‌ندی به‌ بۆشایی ئیداری هه‌بووه‌، به‌شێكی دیكه‌شیان كاری باشیان كردووه‌ و له‌ جێگه‌ی دیكه‌دا داده‌نرێن، به‌ڵام هه‌ندێك گۆڕانكاری په‌یوه‌ندی به‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌ 30ی ئۆكتۆبه‌ر و 17ی دیسه‌مبه‌ری رابردووه‌وه‌ روویاندا.

پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر له‌ مانگی رابردوو، به‌شێك له‌و گۆڕانكارییه‌ ئیدارییانه‌ له‌ شاره‌وانییه‌كان ئه‌نجام دران، به‌ڵام هێشتا گۆڕانكاری دیكه‌ش ماوه‌ و له‌ قائیمقامیه‌تییه‌كان و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ش ئه‌نجام ده‌درێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوانی لافاوه‌كه‌ی 30ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو ته‌واو بووه‌، به‌ڵام قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی لافاوه‌كه‌ی 17ی مانگی رابردوو ته‌واو نه‌بوو و هێشتا هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەرکارلادانی ژمارەیەك سەرۆك شارەوانیی دەوروبەری شاری هەولێری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گۆڕانکاری ئاسایی لە چەند بەڕێوەبەرێکی شارەوانییەكانی سەنتەری هەولێریش کردووە، ژمارەیەك کارمەندیش لە کارەکانیان دوورخرانەوە.