باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا داوای کشانەوەی خێزانی دیپلۆماتکارەکان دەکات  

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیڤ، پایتەختی ئۆکرانیا
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیڤ، پایتەختی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

لەگەڵ زیادبوونی مەترسیەکانی دروستبوونی جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆکرانیا داوا دەکات، رێگە بدرێت خێزانی دیپلۆماتکارەکان بگەڕێنەوە ئەمەریکا.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "CNN"، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کیڤ داوای کردووە کە وەزارەتی دەرەوە رێگە بدات بە رۆیشتنی بەشێک لە کارمەندەکانی باڵیۆزخانە و خێزانەکانیان.

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە گوتی: "هیچ راگەیەندراوێکی نوێمان نییە، بەڵام بەردەوام پلانی تۆکمەی ئەمنیمان هەیە بۆ حاڵەتی لەناوکاو و تێکچوونی ئاسایش".

سەرچاوەیەك لە حکومەتی ئۆکرانیاوە بە CNNـی راگەیاند، ئەمەریکا حکومەتی ئۆکرانیای لە ئەگەری کشانەوەی خێزانی دیپلۆماتکارەکان لە هەفتەی داهاتوو ئاگادارکردۆتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی: ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی ئەو بابەتەوە گفتوگۆی کردووە و ئەو کارەی بە "کاردانەوەیەکی ناپێویست و زیادە" وەسف کردووە.

بەرپرسانی ئەمەریکا هێشتا نازانن ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاری داگیرکردنی ئۆکرانیای داوە یان نا، بەڵام وەک CNN ئاماژەی پێداوە، چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە کە رووسیا پلانی هەیە کە دەستبەسەر کیڤـدا بگرێت وکۆتایی بە دەسەڵاتی حکومەتی ئێستای ئۆکرانیا بهێنێت.