پشووی قوتابخانەکان درێژکرایەوە و تاقیکردنەوەکانیش دواخران
K24 - هەولێر:
پاش هەڵسەنگاندنی (وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندن / بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم) بە بڕیاری وەزیری پەروەردە، پشووی ناوەندەکانی خوێندن درێژکرایەوە.
ئالان حمە سعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لە دابەزینی پلەکانی گەرمی پاش هەڵسەنگاندنی (وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن / بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم) بریارماندا، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی (حکومی - ناحکومی) تا رۆژی یەکشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2022 کە دەکاتە رۆژی یەکشەممە پشوو دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەی وەزیری پەروەردە ئاماژە بەوەدراوە، ئەو هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوانەی وەرزی یەکەم کە ئەنجام نەدراون لە رۆژی دووشەممە 31ـی کانوونی دووەمی 2022 دەستپێدەکرێتەوە، کارگێری ناوەندەکانی خوێندن خشتەی ئەو تاقیکردنەوانەی کە ماون بۆ قوتابیان و خوێندکاران رادەگەیەنن بەمەرجێک لە کاتژمێر 9:30ـی بەیانی دەستپێبکات، پاش ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانەی کە ماون خوێندنی وەرزی دووەم دەستپێدەکات .
سەبارەت بە قوتابخانە ناحکوومیەکان، وەزیری پەروەردە گوتی: قوتابخانەکانی (سابیس) و (نێودەوڵەتییەکان) و (بیانییەکان) کە پرۆگرامی تایبەتیان هەیە دەتوانن تا وادەی ئاماژەپێکراو بە شێوازی خوێندنی ئۆنلاین بەردەوام بن.
بۆ قەرەبووکردنەوەی ماوەی بەسەرچوو، ئاماژە بەوەدرا کە ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە، ساڵنامەی خوێندن هەموار دەکاتەوە.
H.H