ئەم رێگایانەی هەرێمی کوردستان کرانەوە

K24 - هەولێر:
رێگاکانی مەرزی کێلێ و شێنێ و زەڵێ و چەند رێگایەکی دەڤەری راپەڕین کە بەهۆی بەفربارینەوە داخرابوون، کرانەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، لە درێژەی ھەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ راماڵینی بەفر و پاککردنەوەی رێگاوبانەکان لەناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی 22ـی کانوونی دووەمی 2022، رێگاکانی مەرزی کێلێ و شێنێ و زەڵێ و سونێ و چەند رێگایەکی دیکە لە دەڤەری راپەڕین کرانەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لەگەڵ ھاتنی ئەو شەپۆلی بەفر بارینەی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، ماوەی چەند رۆژێکە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین بەردەوامن لە راماڵینی بەفرو پاککردنەوەی رێگاوبانەکانی سنورەکە، ئەمڕۆ شەممە توانرا رێگای سەرەکی دارەشمانە-مەرزی کێلێ بە درێژایی 15 کیلۆمەتر پاکبکرێتەوە و رێگاکە بکرێتەوە.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین رایگەیاند، لەئێستادا رێگای مەرزی کێلێ لە دیوی ھەرێمی کوردستان بەتەواوی پاککراوەتەوەو کراوەتەوە.
ھاوکات ھەر ئەمڕۆ دوای ھەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین، رێگاکانی شیوەرەز، دوبێ، سونێ، زەڵێ و شێنێ لە سنورەکە پاککرانەوەو رێگاکان کرانەوە.


H.H