به هه‌زاران خێزان له حه‌سه‌كه ئاواره ده‌بن

K24- هه‌ولێر:
دوای تێپه‌ڕبوونی سێ رۆژ به‌سه‌ر هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی گوێران له پارێزگای حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان و به‌رده‌وامی گرژییه‌كان له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌كه، به هه‌زاران خێزان ماڵ و جێگای خۆیان جێهێشت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه، به هه‌زاران هاووڵاتی له حه‌سه‌كه ناوچه‌ی (سه‌ناعه)ـه‌یان جێهێشت و خۆیان گه‌یانده كه‌س و كاره‌كانیان له گه‌ڕه‌كانی دیكه.
میدیای فه‌رمی سووریا رایگه‌یاند، به هه‌زاران خێزان و ماڵ و حاڵی خۆیان له حه‌سه‌كه له ترسی به‌رده‌وامبوونی ئه‌و شه‌ڕه‌ی غوێران جێهێشت، له‌كاتێكدا پله‌كانی گه‌رما له نزمبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وام دایه.
ئاماری جیاواز لەباره‌ی هێرشەکەی داعش بۆ سەر زیندانی گوێران بڵاو دەکرێنەوە، هەسەدە رایدەگەیەنێت،17 ئەندامیان لەو پێکدادانە کوژراون.
روانگەی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه به‌وه ده‌كات، 89 کەس كوژراون و لەنێویاندا 56 یان چەکداری داعشن.
گرتووخانه‌ی گوێران كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سووریای دیموكراته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، نزیكه‌ی 4 هه‌زار چه‌كداری داعش تێیدا زیندانیكرابوون و به گه‌وره‌ترین گرتووخانه‌ی تایبه‌ت به زیندانیكردنی چه‌كدارانی داعش له‌سه‌ر ئاستی جیهان داده‌نرێت.