سەدر: نابێ تیرۆر ببێتە لەمپەر لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت

"کەسانێک بابەتی تیرۆر زیاد لە پێویست گەورە دەکەن"

K24 - هەولێر

رێبەری رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت، نابێت تیرۆر ببێتە لەمپەر لەبەردەم هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی.

لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند "نابێت کردەوەکانی داعش، ورەی گەل و چاکسازیکاران، بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دابەزێنن".

هەروەها نووسیویەتی "کەسانێک بابەتی تیرۆر زیاد لە پێویست گەورە دەکەن، بۆ بڵاوکردنەوەی ترس، تۆقاندن و تایەفەگەری لەنێو خەڵکی عێراق".

لە کۆتاییشدا سەدر، داوا لە گرووپە چەکدارییەکەی، سەرایا سەلام دەکات "هاوشانی هێزە ئەمنییەکان، لەوپەڕی ئامادەباشیدابن، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک".

دەقی تویتی موقتەدا سەدر
دەقی تویتی موقتەدا سەدر