پێنج پارچە شوێنەواری دزراو بۆ عێراق دەگەڕێندرێنەوە

دوای 30 ساڵ پێنج پارچە شوێنەوار لە ئەمەریکاوە بۆ عێراق دەگەڕێندرێنەوە
پارچە شوێنەوارەکان
پارچە شوێنەوارەکان

K24 – هەولێر

دوای 30 ساڵ پێنج پارچە شوێنەوار لە ئەمەریکاوە بۆ عێراق دەگەڕێندرێنەوە.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فەرید یاسین، باڵیۆزی وڵاتەکەیان لە واشنتن ، پێنج پارچە شوێنەواری دیکەی لە ئەمەریکا وەرگرتەوە، کە 30 ساڵ لەمەوبەر دزرابوون.

گەڕاندنەوەی ئەو پارچە شوێنەواریانە، بە هەوڵی یەکەی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە شوێنەوار، سەر بە نووسینگەی داواکاری گشتی، لە ناوچەی مانهاتن لە شاری نیویۆرک بووە.

باڵیۆزی عێراقیش لە ئەمەریکا رایگەیاند، یەکێک لەو پێنج پارچە شوێنەوارییانە، تابلۆیەکە مێژووەکەی بۆ ساڵانی نێوان 701 بۆ 800ی پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە لە ئێسک داتاشراوە، لە سەردەمی پاشا سەرجۆنی یەکەم، لە ساڵانی 721 - 725ی پێش زایین، لە شاری نەمروود، بۆ رازاندنەوەی نێوماڵی شاهانە بەکاردەهێندرا، بەهای تابلۆکەش بە تەنیا، بە 450 هەزار دۆلار خەملێنراوە.

پارچەی دووەمیش، بریتییە لە قاپێک کە لە شاری نەمرود دزراوە و بەهاکەی بە 200 هەزار دۆلار دەخەملێندرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و بۆ ساڵانی 612- 911ی پێش زایین.

سێ پارچەکەی دیکەش، بریتین لە، کۆمەڵە نووسراوێکی مەندائی، لەگەڵ دوو قووتووی بازنەیی و سەرقاپەکانییان.

رێوڕەسمی رادەستکردنەوەی پارچە شوێنەوارەکان
رێوڕەسمی رادەستکردنەوەی پارچە شوێنەوارەکان

پێشتریش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی یونیسكۆ و حكومەتی ئەمەریكا، لە 7/12/2021، تابلۆی گلگامێش گەڕێندرایەوە بەغدا، کە تەختەیەكی قوڕینە و تەمەنی بۆ زیاتر لە 3 هەزار و 500 ساڵ دەگەڕێتەوە و بەخەتی بزماری بەشێك لە داستانی گلگامێشی لەسەر نووسراوە.