وەزیری پێشمەرگە: هێزەکانی عێراق بەرپرسن لە پاراستنی شنگال

"چاوەڕێین لە دوو رۆژی داهاتوودا حکومەتی عێراق وەڵام بداتەوە"
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە

K24 – هەولێر

وەزیری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ئێستا هێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی لە شنگال جێگیر کراون و ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی شنگال.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە میانی بەشدریکردنی لە رێوڕەسمی كۆتاییهێنان بە خولێكی مەشقی پیادەی 5ی فەرماندەیی  ھێزەكانی پشتیوانی 1،  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "عێراق خۆی بەرپرسیاریەتی پاراستنی شنگالی گرتووەتە ئەستۆ، سوپا عێراقی و پۆلیسی فیدراڵی لە شنگالن، ئێستا ئەوان بەرپرسن لە پاراستنی شنگال".

سەبارەت بە مەترسیی چالاکبوونەوەی داعش لە ناوچەکە بەتایبەتی دوای رووداوەکەی گرتووخانەی غوێران لە رۆژئاوای کوردستان، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: "داعش لە هەر شوێنێک هەبێت و پشێوی دروست بێت مەترسییە بۆ سەر هەموو ناوچەکە، بۆیە دەبێ هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش".

شوڕش ئیسماعیل، لەبارەی قۆناغەکانی پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق گوتی: "هەموو پێویستییەکانمان بۆ حکومەتی عێراق رەوانە کردووە، چاوەڕێین لە دوو رۆژی داهاتوودا وەڵام بدرێتەوە، لە هەموو روێکەوە کارە ئیدارییەکان تەواو بووە ئێستا ئەو دوو لیوایە بەشێکن لە سوپای عێراق، رەنگە هەندێک گرفتی هونەریی و ئەمنی مابێت".