رێژەی هەڵاوسان لە ئێران بەرزدەبێتەوە
K24 - هەولێر
ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند، رێژەی هەڵاوسان بۆ مانگی رابردوو لەسەر ئاستی ساڵانەی گەیشتووەتە زیاتر لە %42.
بە گوێرەی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی خۆراکە سەرەکییەکان و خواردنەوەکان و تووتن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، بەتایەبت نرخەکانی کۆمەڵەی تووتن و کۆمەڵەی نان و دانەوێڵە، لە نێویشیاندا برنجی ئێرانی و زەعفەران و دۆشاوی تەماتە.
لە کاڵا سەرەکیی ناخۆراکییەکانیش، نرخی جلوبەرگ و کرێی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەراورد بە مانگی پێشووتر بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
بەهرۆز موحبی نەجم ئابادی، ئەندامی لیژنەی پلاندانان و بودجە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، نزیکەی 3 ملیۆن خێزانی ئێرانی کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە ژێر بازنەی هەژاریدان.
هەروەها بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی %60ی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ژێر بازنەی هەژاریدان.