سەرۆکی وڵاتێك پلانی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە
K24 - هەولێر:
سهرۆك وهزیرانی نیوزلهندا، جاسیندا ئاردین ئاشکرای کرد، بەهۆی هاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی گۆڕاوی نوێ ناسراو بە (ئۆمیکرۆن) پلانی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی هەڵوەشاندۆتەوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی وێبسایتی "CNN"، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کۆرۆنا گوتی: "9 حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن لە یەک خێزاندا لە شاری "مۆتوکا" تۆمار کراوە، خێزانەکە لە گەشتێکیاندا بۆ شاری ئەوکلاند، سەردانی چەند شوێنێکی گشتییان کردووە".
جاسیندا ئاردین ئاماژەی بەوەشدا، پلانی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی هەڵوەشاندۆتەوە.
کاتێک پرسیاری لێکرا هەستی چۆنە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی کە پلان بوو ئەم هاوینە بەڕێوەبچێت، گوتی: ئەمە ژیانە، منیش وەک هەموو هاووڵاتییەکی دیکەی وڵاتەکەمان کە هەریەکە و ئەزمونێکی هاوشێوەیان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس و رێکارەکانی خۆپاراستن هەیە.
جاسیندا ئاردین، سهرۆك وهزیرانی نیوزلهندا چەند جارێکی دیکە بەهۆی کەرەنتینە و کاروباری حکومەتەوە بەرواری ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی دواخستووە، ئەمجارەش بەهۆی ڤایرۆسی گۆڕاوی نوێ بە ناوی B.1.1.529ـە، کە تەندروستی جیهانی بە ئۆمیکرۆن ناوی دەبات پلانی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی هەڵوەشاندەوە.