هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: له‌ هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بین

"په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ومان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ و هیچ هۆكارێكیش نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوكارییه‌كانمان بۆ پێشمه‌رگه‌ رابگرین"

K24- هه‌ولێر:

ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و پشتیوانیش لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.

ژەنەڕاڵ نیك دۆسیچ، فەرماندەی هێزە راوێژکارییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ به‌ داعش لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێك لە ئامانجەکانیان مەشقپێکردنی هێزی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگەیە و گوتیشی: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە گشتی و ئەمه‌ریکا بە تایبەتی لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، هاوپەیمان لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و دەستگیرکردنەوەی چەکدارانی داعش هاوکاری هەسەدە دەکەن.

ئه‌و ژه‌نه‌راڵه‌ گوتی: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاری هەسەدە دەکات لە شەڕەکەیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی گرتووخانه‌ی گوێران و هەڵهاتنی چەکدارانی داعش لە گرتووخانەکە و دەستگیرکردنەوەی سەرجەم هەڵهاتووەکان و لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر ناوچەکە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پێموابێت لێهاتوویی پاسەوانانی سەر سنووری سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە وادەکات کە بتوانرێت رەوشی ناوچە سنوورییەکان پارێزراو بێت و ئەو چەکدارانە نەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "یەکێك لە ئامانجەکانمان پێكهێنانی هێزێکی هاوبەشه‌ لە نێوان سوپای عێراق و ‌هێزەکانی پێشمەرگە و مەشق و راهێنان بەو هێزە بکەین".

گوتیشی: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە گشتی و ئەمه‌ریکا بەتایبەتی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هیچ هۆکارێکیش نابینم بۆ راگرتنی ئەو هاوکاریانە و پەیوەندییەکی پتەویشمان لەگەڵ پێشمەرگە هەیە".

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، "لەبارەی یەکخستنەوە و چاکسازییەکانی نێو هێزی پێشـمەرگەش، ئەمە ویستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و دەمانەوێت ببینین، كه‌ سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدا بن و یەکبگرنەوە و چاکسازییەکانیش بەردەوام بن".

H.B