پەرتۆی کرماشانی، شاعیری بەناوبانگی کورد کۆچی دوایی کرد

شاعیری خۆشەویستی و هەستی نەتەوەیی له‌ ته‌مه‌نی (90) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد
په‌رتۆی کرماشانی
په‌رتۆی کرماشانی

K24 - هه‌ولێر:

‏مامۆستا عەلی ئەشرەف نەوبەتی، ناسراو بە "پەرتۆی کرماشانی"، شاعیری بەناوبانگی کورد له‌ ته‌مه‌نی (90) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

پەرتۆی کرماشانی، کوڕی ئەسەدووڵڵا، لە 29ی ئەیلوولی 1931 لە گەڕەکی بەرزەدەماخی کرماشان لەدایکبووە و هەر لەو شارەش خوێندنی تەواو کردووە.

عەلی ئەشرەف لە کوردەکانی بەختیارییە و هەر لە منداڵییەوە لە رێگه‌ی بنەماڵەکەی لەگەڵ ئەدەب ئاشنا بووە، جگە لە شیعرەکانی، کەسایەتییەکەشی بووەتە جێگه‌ی سەرنجی خەڵکی ناوچه.

پەرتۆی کرماشانی، بە هه‌ردوو زمانی کوردی و فارسی خاوەنی بەرهەمە و زیاتر لە 3 هه‌زار بەیته‌ شیعری هەیە؛ هەرچەندە رێژەی شیعرە فارسییەکانی زیاترن، بەڵام ئەو شیعرە کوردییانەی کە هۆنیویەتەوە، لە ئاستێکی بەرزدان و لەناو ئەدەبی کوردیدا خاوەن پێگەیەکی تایبەتن.

عەلی ئەشرەف نەوبەتی بە زاراوەی كرمانجی خواروو شیعری نووسیوه‌، لە غەزەلدا زۆر لێهاتووبووه‌، کاکڵی شیعرەکانیشی خۆشەویستی و هەستی نەتەوەییە.

هه‌رچه‌نده‌ شیعره‌كانی پەرتۆی کرماشانی بە رواڵەت کلاسیکن، بەڵام زمان و ناوەرۆکیان تازە و سەردەمیانەیە و لەگەڵ مرۆڤی ئەمڕۆ دەدوێن.