یانەی حدوود پەڵپی لە یاریی بەرامبەر دهۆک گرت و لەوانەیە دهۆک خاڵی یارییەکە لەدەست بدات

دیمەنی یارییەکەی دهۆک و حدوود
دیمەنی یارییەکەی دهۆک و حدوود

یانەی حدوود بەفەرمی پەڵپی لە یاریی بەرامبەر دهۆک گرت و داوای سێ خاڵی یارییەکە دەکات.

یانەی حدوود بەفەرمی رایگەیاندووە لە لێژنەی پێشبڕکێکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پەڵپیان لە یاریی بەرامبەر دهۆک داوە، کە یارییەکە لە گەڕی یەکەمی قۆناخی دووەمی خولی پلەیەکی عێراق لە دهۆک بەڕێوەچوو هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.

یانەی حدوود رایگەیاندووە، بەگوێرەی رێنماییەکان هەر یانەیەک بۆی نییە لە یارییەک لە چوار یاریزانی پیشەگەر زیاتر یاریی پێبکات، کەچی یانەی دهۆک لە یاریی بەرامبەر ئێمە یاریی بە پێنج پیشەگەر کردووە و ئەمەش دژی رێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقە، راشیگەیاندووە ناو و ژمارەی یاریزانە پیشەگەرەکان لە راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە و لەلایەن نووسینگەی راگەیاندنی یانەکەمانەوە تۆمارکراون و پێشکەشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کراون.

ئەگەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پەڵپەکەی یانەی حدوود قبووڵ بکات ئەوا یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 لەدژی یانەی دهۆک هەژمار دەکرێت، بەمەش حدوود لە پێشەنگی کۆمەڵەی یەکەم دەبێتە خاوەنی 29 خاڵ و دهۆکیش خاڵی یارییەکە لەدەست دەدات و لە پلەی دووەم دەبێتە خاوەنی 24 خاڵ و یانە کوردستانییەکە پێنج خاڵ دەکەوێتە دوای حدوود.

راگەیاندراوەکەی یانەی حدوود
راگەیاندراوەکەی یانەی حدوود