کێ دەبێت بە سەرۆك کۆمار!

Kurd24

بڵندنەوڕەس

ھاوکێشەی سیاسی ئەمجارەی عێراق جیاوازترە لە جارەکانی پێشوو، ئەم جارە دوو بەرەی ئاشکرا و روون کێبڕکێ لەسەر پێکھێنانی حکومەت و دەستنیشانکردنی سەرۆك کۆمار و ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن.

پارتی، سەدر، تەقەدوم و عەزم رێککەوتنێکیان ھەیە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە سیادییەکانی عێراق، لە بەرامبەردا چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەکێتی لە بەرەیەکی تردان.

بەرەی پارتی، سەدر و سونەکان رێککەوتنی پێشوەختەیان ھەیە لەسەر شێوازی یەکلاکردنەوەی پۆستەکان، ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لە سوننە و ھەردوو جێگرەکەی لە سەدرییەکان و پارتی، سەرەتای رەنگدانەوەی ئەو رێککەوتنەبوو.

واش بڕیارە کە مانگێك دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، سەرۆك کۆماری عێراق ھەڵبژێردرێت، بە دوای ئەویشدا و بە مانگێکی تر سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پێکھێنانی حکومەت رابسپێردرێت.

قسەیەك ھەیە دەڵێن: رەنگە سەدرییەکان دەنگ بە بەربژێرەکەی پارتی نەدەن!

ئەم گریمانەیە لۆژیکی سیاسی تێدا نییە و نزیکە لە مەحاڵەوە، چونکە رێك دوای مانگێك لە ھەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری عێراق، سەدرییەکان پێویستییان بە دەنگی 31 پەرلەمانتارەکەی پارتی دەبێت، بۆ ئەوەی سەرۆك وەزیرانی پێڕابسپێرن.

کەواتە ھاوکێشەی ھاوپەیمانیی پارتی، سەدرییەکان و سوننەکان ھاوکێشەیەکی سێگۆشەییە و ھەرسێکیان تەواوکەری یەکترن و بەیەکەوە گۆشەکان پێکدەھێنن.

لە ئەگەری لاتەریببوونی ھێڵێکیشدا، دوو ھێڵەکەی تر بێ بناغە دەمێننەوە.

کەواتە ئەو گریمانەیە لە ئێستاوە بەتاڵە و ھیچی لەسەر ھەڵناچنرێت، بە ھەرسێ لایەنیش 180 دەنگییان مسۆگەرە، ئەو رێژەیەش بەسە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك کۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

لە بەرامبەردا چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەکێتی ئەو چانسەیان نییە کە زۆرینەیەك پێکبھێنن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆك کۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیران، گەر ھەیانبوایە لە ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا رەنگی دەدایەوە.

کەواتە بوونی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق، لە دەرەوەی رێککەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی، ھەوڵێکی بێ ئاکامە، بەو پێیەی کەرەستەی پێویست و ھاوپەیمانییەتی بەھێز و بەرژەوەندی ھاوبەشییان لەگەڵ زۆرینەی پەرلەمانی عێراقدا نییە.

پۆستی سەرۆك کۆماریش ئیستحقاقی کوردە، دەستنیشان نەکراوە کە لە ناو کورددا ھی لایەنێکی دیاریکراوبێت.

ھێشتا کات ماوە و یەکێتی دەتوانێت لە چوارچێوەی یەکڕیزی نیشتیمانیدا ئەو پۆستە بۆ خۆی وەربگرێتەوە، بە شێوەیەك کە رەزامەندی سەرۆك بارزانی و پارتی لەسەر بێت و بە واتا نوێنەرایەتی کوردستانییان بکات.

ناجۆرە پارتی خاوەنی 31 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێت و دوو ئەوەندەی پارتە سیاسییەکانی تری کوردستان کورسی ھێنابێت، بەڵام یەکێتی بە مافی رەھای خۆی بزانێت.

لە بواری سیاسیدا ھیچ شتێك مەحاڵ نییە و ھەڵوێستی سیاسیش بە حیکمەت و خزمەتی گشتی دەپێورێت و بەرژەوەندی گشتی لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە.