وێنە.. ئەو گوندە ئیتاڵییەی بە ئیتاڵی قسەناکەن
K24 - هەولێر:
گوندێکی ئیتاڵی لە نزیک سنووری فەرەنسا، بە جۆرێک دابڕاوە کە تەنانەت دانیشتوانەکەشی بە زمانی ئیتاڵی قسە ناکەن و زمانێکی دیکەیان کردووەتە زمانی فەرمی خۆیان.
" Sancto Lucio de Coumboscuro " کۆمبۆسکورۆ، ئەو گوندە ئیتاڵیەیە کە بە "هەرێمە بچووکەکە" ناسراوە و سەردانیکەرانی دەبێت فڕۆکە، شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل بەکاربهێنن تا دەگەنە ناو گوندەکە.
ئەم گوندە لەنێوان هەرێمی پیدمۆنتی سەربە ئیتاڵیا و فەرەنسا دایە، هەر کەسێک بیەوێت بچێتە ئەم گوندە، دەبێت سەرەتا بە فڕۆکەیەک بچێتە شاری تورین لە ئیتاڵیا، دواتر سوار شەمەندەفەر ببن و پاشان دەتوانن بە پاس یان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بچنە گوندەکە.
زمانی فەرمی ئەم گوندە " Provençal "ـەو ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 30 کەسە، گوندنشینانی گوندەکە بە بەخێوکردنی مەڕ و ماڵاتەوە بژێوی خۆیان دابین دەکەن، کە زۆربەی کات لەژێر هەڕەشەی گورگەکانی ناوچەکەدان.
" Provençal " دایەلێکتێکی زمانی ئۆکستانە کە زمانێکی نیۆ-لاتینی سەدەکانی ناوەڕاستە و تا ئێستاش لە بەشێکی هەرێمی ئۆکیتانیا لە فەرەنسا قسەی پێدەکرێت.
ساڵانە زیاتر لە جارێك لە وەرزی زستاندا کارەبای ئەم گوندە بۆ چەند هەفتەیەک دەبڕێت و هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئاستێکی زۆر نزمدا دەبن، بەڵام بەهۆی سروشتی جوانی گوندەکەوە، لە وەرزی بەهار و هاویندا گەشتیاری تایبەتی خۆی هەیە.
H.H