یۆنان به‌ڵێنی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی کۆچبەرانی كوردی به په‌رله‌مانی كوردستاندا
K24 - هەولێر:
بە مەبەستی بە دواداچوون بۆ دۆزینه‌وه‌ى تەرمی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لە دەریای ئیجەدا خنکاون، شاندێكی لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی له په‌رله‌مانی كوردستان، سەردانی کونسوڵخانەی یۆنانیان كرد.
په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆزینه‌وه‌ى تەرمی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لە دەریای ئیجەدا خنکان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2022، شاندێكی لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی، بە سەرۆكایه‌تیى د. رێبوار بابکەیی، ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك لە ئەندامان و راوێژکارانى لێژنەكه، سەردانی كونسوڵخانەی یۆنانیان لە ھەولێر کرد و له‌لایه‌ن د.ستاڤڕۆس کیمیریس، کونسوڵی گشتیی کۆماری یۆنان پێشوازییان لێكرا.
په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاند، لە دیدارەکەدا سەرۆکی لێژنەی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندی كوردستانی داوای لە كونسوڵی یۆنان کرد ھەموو ھەوڵێک بخرێته‌گه‌ڕ بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لە دەریای ئیجەدا خنکان تا بگەڕێندرێنه‌وه کوردستان.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، كونسوڵی یۆنان ئەوەى بە لێژنەکە گووت، ھەوڵەکانی خۆیان چڕتر دەکەنەوە و بەردەوام دەبن تا دەگەن بە دەرئه‌نجامێک بۆ دۆزینەوەی ئەو تەرمانە.