مەسرور بارزانی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستییەکەی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکات

"ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکاتە ئامانج"
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سه‌ر شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی حەلبووسی کرد و نووسیویەتی: بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستییەکەی سه‌ر شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە قەزای گەرمە دەکەم.

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی هێرشەکەوە نووسیویەتی: ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکاتە ئامانج.

مەسرور بارزانی لە کۆتایی تویتەکەیدا هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی بڵاویكرده‌وه‌، شەوی رابردوو بە 3 مووشەك هێرشکرایە سەر شوێنی مانەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەناوچەی "الكرمة"ـی سه‌ر به‌ پارێزگای ئەنبار.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان 2 هاووڵاتی پیاده‌ بریندار بوونه‌، مووشه‌كه‌كانیش له‌ به‌ری رووباری دیجله‌وه‌ ئاڕاسته‌ كراون.