ده‌نگدانه‌وه‌ی گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی له میدیاكانی ئیمارات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ردانه فه‌رمییه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئیمارات له میدیاكانی ئیمارات و وڵاتانی كه‌نداو به گرنگییه‌وه باس ده‌كرێت، كه سه‌ردانه‌كه له رووی ئابووری و وه‌به‌رهێنانه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات رۆڵی كاریگه‌ری ده‌بێت، وەک میدیاکان ئاماژه‌یان بۆ کردوە هەردوولا بیروڕایان لە بارەی بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوڕاستیش گۆڕیوه‌ته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵی ئیمارات "وام"، بڵاویكرده‌وه، شێخ محه‌مه‌د بن زاید پێشوازی له مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-ی برا ده‌كات، ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، له دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌قامگیری ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌ی "ئه‌لخه‌لیج"ی ئیماراتیش له راپۆرتێكیدا باسی له‌وه كردووه، هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات له رووی ئابووری و وه‌به‌رهێنانه‌وه هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن.
رۆژنامه‌ی "به‌یان"ی ئیماراتیش له راپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له دیداره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی و شێخ محه‌مه‌د بن زاید له كۆشكی "به‌حر"ییه‌وه سه‌رجه‌م پێشهاته سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه.
رۆژنامه‌ی "وه‌ته‌ن"ی ئیماراتی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به گرنگ هه‌ژماركردووه و نووسیویه‌تی: له كۆشكی "به‌حر" لایه‌نه جیاوازه‌كانی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراقی برا، به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان باس كراوه، له رووی ئابووری و وه‌به‌رهێنانیش كاری باشتر ده‌كرێت.
ماڵپه‌ڕی "هه‌واڵی ئیمارات"یش سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی به خزمه‌تكردنی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی بنیاتنانه‌وه وه‌سف كردووه، كه له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د بن زاید دیداره‌كه‌ی ئه‌نجام داوه.
رۆژنامه‌ی "ئه‌لعه‌ین"ی ئیماراتیش له راپۆرتێكیدا روونیكرده‌وه، مه‌سرور بارزانی و شێخ محه‌مه‌د بن زاید بۆچوونی خۆیان له‌باره‌ی پێشهاته‌كانی رۆهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕیوه‌ته‌وه و به‌گرنگییه‌وه باسیان له هه‌ماهه‌نگی نێوانیان كردووه‌ته‌وه.
ماڵپه‌ڕی "پرێس بی"ی ئیماراتیش سه‌ردانه‌كه‌ی به گرنگییه‌وه باس كردووه، كه په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات ده‌بێته مایه‌ی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری ناوچه‌كه و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ماڵپه‌ڕی "مهراسیل قه‌ته‌ر"ی دیداره‌كه‌ی نێوان مه‌سرور بارزانی و شێخ محه‌مه‌د بن زاید-ی به په‌ره‌سه‌ندنی سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌دیهێنانی گه‌شه‌سه‌ندنی نێوان هه‌ر دوو گه‌ل ناساندووه.
ماڵپه‌ڕی "bestinau"ی ئیماراتی له راپۆرتێكیدا ئاشكرای كرد، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركۆنه‌ی هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی ئیماراتی كردووه، كه ئه‌و هه‌وڵانه ده‌بێته هۆی درووستكردنی پشێوی، له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د زاید پێشهاته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌یان تاووتوێ كردووه.
ماڵپه‌ڕی "موباشیر"ی ئیماراتی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به گرنگ وه‌سف كردووه، كه له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د بن زاید گفتوگۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانی ئه‌م دواییه كردووه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، مه‌سرور بارزانی، جگه له ئیدانه‌كردنی ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه‌ی كراوه‌ته سه‌ر ئیمارات، هێرشه‌كه‌شی به پێشێلی سه‌روه‌ری نێوده‌وڵه‌تی وه‌سف كردووه.
رۆژنامه‌ی "ئۆرشه‌لیم پۆست"ی ئیسرائیلیش له راپۆرتێكیدا باسی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات كردووه، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه ئیمارات ئه‌لقه‌یه‌كی گرنگی به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌یانه‌وێت سه‌قامگیری ناوچه‌كه بپارێزن و به‌سه‌ر تیرۆر و توندڕه‌ویدا زاڵ بن.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه: مه‌سرور بارزانی، یه‌كێكه له سه‌ركرده دیاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه له كاته سه‌خته‌كان هه‌رێمی كوردستانی به‌ڕێوه‌بردووه.
رۆژنامه‌كه سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئیمارات به گرنگ وه‌سف كردووه، كه هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت له رووی ئابووری و وه‌به‌رهێنانه‌وه سوود له ئه‌بوزه‌بی وه‌ربگرێت و رووبه‌ڕووی هه‌موو ئالنگارییه‌كانی ناوچه‌كه ببێته‌وه.