حكومهتی ههرێم له بارهی چارهنووسی ژمارهیهك كۆچبهری كوردهوه روونكردنهوه دهدات
K24 – ههولێر:
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكومهتی ههرێمی كوردستان له بارهی چارهنووسی ژمارهیهك كۆچبهری كورد، كه له كهناراوهكانی یۆنان یهختهكهیان نوقوم بووه، بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه.
له بهیاننامهكهدا هاتووه: "شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سەردانی وەزارەتی کاروباری پەنابەر و کۆچبەرانی کۆماری یۆنانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوتوێ کرا".
ههروهها هاتووه: "لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەسەر ئەرک و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تەرمی 9 لەو قوربانیانەی کە ناسراونەتەوە دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەهۆی خراپی کەش و هەوا و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان پرۆسەکە چەند ڕۆژێک دواکەوت".
دهقی بهیاننامهكه
بەیاننامەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی لە کەناراوەکانی یۆنان بەلەمەکەیان ژێرئاو کەوت
بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە نزیک دوورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە و پرسی (رێوار)ی تەمەن 11 ساڵ و گەڕاندنەوەی 9 تەرم، ڕۆژی ههینی (21ی كانوونی دووهم/ یهنایهری 2022) شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان سەردانی وەزارەتی کاروباری پەنابەر و کۆچبەرانی کۆماری یۆنانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوتوێ کرا.
بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کونسوڵی گشتی یۆنان لەگەڵ نوێنەری کەس و کاری بێسەر و شوێنەکان کۆبووەوە و دڵنیای کردن کە حکومەتی یۆنان هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوەو لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، هەر لەو دیدارەدا کەسوکاری بێسەروشوێنەکان یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی حکومەتی کۆماری یۆنان کرد.
هاوکات کونسوڵی گشتی یۆنان کەس و کاری بێسەرو شوێنانی دڵنیا کردەوە کە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی بەردەوام لە پەیوەندی دان و پێشتریش یاداشتنامەیەکیان لە ڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بەدەست گەیشتووە.
فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە رایدەگەێنێت کە لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەسەر ئەرک و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تەرمی 9 لەو قوربانیانەی کە ناسراونەتەوە دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەهۆی خراپی کەش و هەوا و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان پرۆسەکە چەند ڕۆژێک دواکەوت.
وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاوخەمی خۆمان بۆ کەس و کاری قوربانیان و بێسەرو شوێنان دەردەبڕین و هەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ سۆراخ و دۆزینەوەی تەواوی بێسەروشوێنان. هاوکات سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی فیدڕال و باڵیۆزخانەی عیراق لە یۆنان و حکومەتی یۆنان و کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم و ڕێکخراوە خێرخوازەکان دەکەین کە هەمیشە هاوکارو هەماهەنگیکار بوونە لەگەڵمان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە