هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگ دەدرێت

گرژییەکانی خەریکە سەردەکێشێت بۆ جەنگێکی خوێناوی
سەربازانی رووسیا
سەربازانی رووسیا

K24 - مۆسکۆ

هەزاران سەربازی رووسیا لە نزیک سنورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکراون و رەوشەکە رۆژ دوای رۆژ بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت، ئەم گرژییانەی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، رێکخراوی ناتۆی نیگەران کردووە، هەربۆیە بەشێک لە ئەندامانی رێکخراوەکە هەوڵەکانیان چڕتر کردووتەوە بۆ پێدانی چەک بە ئۆکرانیا لە دژی رووسیا. شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و سەربازییەکان لە مۆسکۆ پێیان وایە، رووسیا دەست بەجەنگ ناکات، بەڵام لە ئەگەری دروست شەڕ گورزی کوشندەی دەبێت.

د. ئیقبال دیورە، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: "رووسیا بێگومان سەرەتا دەست بە جەنگەکە ناکات، بەڵام دۆخەکە هێندە دژوارە و دەرفەتی فریو و تەڵەکە هێندە زۆرە کە لەگەڵ هێرش بۆ سەر هێزە پڕۆ رووسییەکان، مۆسکۆ ناچار دەبێت ناڕاستەوخۆ بکشێتە ناو جەنگەکەوە و لە پشتەوە هاوکار دەبێت، یان هێرشە کاریگەرەکان لە دوورەوە پوچەڵ دەکاتەوە، یانیش مووشەک و گورزی کوشندەی دەبێت لە پێگە سەرەکی و چارەنووسسازەکان، هەڵبەت ئەگەر ئۆکرانیا و رۆژئاوا بەرەو رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکشێن، رووسیا بێشک وەڵامی کوشندەی دەبێت، رووسیا پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ ئەمەریکا و رۆژئاوا نارد، لەرێگەی ئەو مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەی لە سوریادا ئەنجامیدا، ویستی لەوێ بە ئەمەریکا و رۆژئاوا بڵێت، خاڵی لاوازی ئێوەش هەن کە ئێمە لەکاتی پێویستدا کەڵکیان لێدەبینین بۆ هێرش و پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی ئێوە".

رۆژ دوای رۆژ مەترسی دروستبوونی شەڕ لە ئۆکرانیادا زیاتر دەبێت،هەربۆیە ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، هۆشداریان بە دیپلۆماتکارەکانیان داوە ئۆکرانیا جێبهێڵن،  شارەزایەکی سەربازی رووس  ئەمەریکا و ناتۆ تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ئۆکرانیا بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارەکانی هەرێمی دەنباس.

ڤلادیمێر ئیڤسێڤ، شارەزای سەربازی دەڵێ: "رەوشی ئۆکرانیا تەواو دژوارە، ئێستا چەک و کەلوپەلی جەنگی رەوانەی کیڤ دەکرێت، ناتۆ بەردەوامە لە فراوانخوازی بە ئاراستەی ئۆکرانیا و خۆیان بۆ جەنگ دژی رووسیا ئامادە دەکەن، دەیانەوێت دەست بگرن بەسەر دەنباس دا، ئێستا ناتۆ فڕۆکە و کەشتی جەنگی بۆ بولگاریا و رۆمانیا و لاتیڤیا رەوانە دەکات بۆ بەهێزکردنی بەرەی رۆژهەڵات،  بەڵام ئەمانە باڵانسی هێز بەهیچ جۆرێک ناگۆڕێت، ئەگەر گریمانەی پێکدادان بکەین، ئەوا هێزی سەربازی ئۆکرانیا لەبەرانبەر رووسیادا بەرباد دەبێت، ئۆکرانیا نابێت هەموو هێلکەکان لە سەبەتەی ئەمەریکادا دابنێت، چونکە دەبێت بزانێت کە هیچ وڵاتێک رۆژئاوایی لەبری ئۆکرانیا شەڕ ناکەن، ئەوان تەنیا گوشار دەکەن، سەرەتا بە گەمارۆی ئابووری فشاریان لە رووسیا کرد، کەڵکی نەبوو، ئێستا بەشێوەی سەربازی هاتوونەتە پێشەوە، ئەمەش شتێکی ئەوتۆ نییە. بۆیە پێویستە رۆژئاوا هەندێ بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت، وەک وەرنەگرتنی ئۆکرانیا بە ئەندامی ناتۆ و  دوورخستنەوەی چەک و هێزی ناتۆ لە سنوورەکانی رووسیا".

لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا خەریکە سەردەکێشێت بۆ جەنگێکی خوێناوی، تائێستا چەندین گەڕی گفتوگۆ لە نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە شکستیان هێناوە. هەرچەندە ئەمەریکا لەهەوڵەکانی بەردەوامە بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەگەڵ رووسیا لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا، بەڵام پسپۆڕ و شارەزایان لە مۆسکۆ ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ بەدوور نابینن.